هۆشداری لافاوی دیکە دەدرێت
بارانی بەخووڕ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بەردەوامە، پۆند و بەنداوەکانی سنوورەکە سەرڕێژیان کردووە و هۆشداری لە ڕوودانی لافاوی دیکە دەدرێت.
ناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان هێشتا هەر لە ژێر کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانە بەخووڕەیە، کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و هۆشداری لە ڕوودانی دیاردەی سوپەر سێل و لافاوی دیکە دەدرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 لەگەڵ ئەم شەپۆلە بارانەی ئەمجارە، جگە لە بەنداوی دەربەندیخان، بەنداوەکانی حەسەن کەنۆش، باوەشاسوار، ئاوەسپی، تۆرەجاڕ و پۆندەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان بە تەواوی سەرڕێژیان کردووە.
هەروەها شارەزایانی کەشناسی هۆشداری لە دروستبوونی لافاوی دیکە لە دەدرێت، هاوکات بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی ئیدارەی گەرمیان ئەم ژمارە تەلەفونەیان (07709544444) بڵاوکردووەتەوە و ئاگاداری دانیشتووانی سنووری ئیدارەی گەرمیانیان کردووەتەوە، هەر خێزانێک بەهۆی لافاوەوە ماڵەکەی چۆڵکردووە، تاوەکوو ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، شوێنی حەوانەوەی بۆ دابین دەکەن.
بەهۆی بارانی بەخووڕەوە دوێنێ سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە چەمچەماڵ لافاو زیانی گیانی ماددی لێکەوتەوە و لە بارەی زیانەکانەوە، ڕهمك ڕهمهزان، قیمقامی قهزای چهمچهماڵ : بە هۆی لافاوەوە زیانێکی زۆری ماددەی بە دانیشتووانی ناحیە و گوندەکانی سەر بە قەزای چەمچەماڵ کەوتووە و لە ئەنجامدا 2 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 14 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئاماژەشیدا، لە ناوەندی شاری چەمچەماڵ زیاتر لە 500 خانوو و 100 دووکان زیانیان بەرکەوتووە، چوار پردیش لە سنووری قەزاکەدا ڕووخاون.
بە گوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، تەنیا لە 12 کاتژمێردا لە 9ی بەیانی تا 9ی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لە چەمچەماڵ 80 ملم و لە دەربەندیخان 80.2 ملم باران باریوە، کە بەرزترین ئاستی بارینە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.
