ترەمپ ستایشی گوتەبێژی کۆشکی سپی دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، جارێکی دیکە مشتومڕی ناوایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە میانی وتارێکدا کە بڕیار بوو تیشک بخاتە سەر بەرنامە ئابوورییەکەی، بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش وەسفی کارۆلاین لیڤیت، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی کرد.
لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە ناوچەی "ماونت پۆکۆنۆ" لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، ترەمپ لە دەقە نووسراوەکەی لایدا کە تایبەت بوو بە دەستکەوتە ئابوورییەکانی ئیدارەکەی، دەستیکرد بە ستایشکردنی زۆری لیڤیت-ی تەمەن 28 ساڵ و بە ئامادەبووانی گوت: "ئەمڕۆ ئەستێرەکەمان لەگەڵ خۆمان هێناوە، کارۆلاین مەگەر ئەو نایاب نییە؟"
ترەمپ بەردەوام بوو لە دەربڕینی سەرسامیی خۆی بەرامبەر لیڤیت، بەڵام بە شێوەیەکی نائاسایی سەرنجی خستە سەر ڕوخسار و جووڵەی لێوەکانی و گوتی: "کاتێک دەردەکەوێت، بەتایبەتی لە فۆکس نیوز، بە تەواوی کۆنترۆڵی دۆخەکە دەکات. سەیری ئەو دەموچاوە جوانە و ئەو لێوانە بکەن کە هەرگیز لە جووڵە ناوەستن، ڕێک وەک دۆشکەیەک وایە."
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشدا لیڤیت "کەسێکی نەترسە" و بەرگریی لەو سیاسەتانە دەکات کە بە ڕاست و دروستیان دەزانێت، وەک ڕێگریکردن لە بەشداریکردنی پیاوان لە وەرزشی ئافرەتاندا و دژایەتیکردنی سنووری کراوە. ترەمپ گوتیشی: "ئەو ئەرکێکی ئاسانتری هەیە."
ئەمە یەکەمجار نییە ترەمپ بەم شێوەیە وەسفی لیڤیت دەکات؛ لە مانگی ئابی ڕابردووشدا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 'نیوزماکس' هەمان لێکچوونی بەکارهێنابوو و وتبووی: "ئەو خاوەنی دەموچاو و مێشکێکە، لەگەڵ لێوانێک کە وەک دۆشکە دەجووڵێن."
کارۆلاین لیڤیت، کە خەڵکی ویلایەتی نیو هامپشایرە، پێشتر لە ساڵانی 2019 بۆ 2021 وەک یاریدەدەری سکرتێری ڕۆژنامەوانی لە ئیدارەی یەکەمی ترەمپ کاری کردووە. لە سەرەتای 2024 گەڕایەوە ناو تیمی ترەمپ و ئێستا وەک گەنجترین سکرتێری ڕۆژنامەوانی لە مێژووی کۆشکی سپیدا دەستبەکار بووە.
