ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی سزادانی ئۆنروا و ناساندنی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەکات
دوو سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایان کرد، بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، لە گفتوگۆدان بۆ سەپاندنی سزای پەیوەست بە تیرۆر بەسەر "ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین " (ئۆنروا-UNRWA).
ویلیام دیری، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ئۆنروا، لە واشنتن، ڕایگەیاند؛ هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە بێپێشینە و ناڕەوا دەبێت. ئاماژەی بەوەش دا "لە سەرەتای 2024ەوە چوار دەزگای سەربەخۆ، لەوانەش ئەنجوومەنی هەواڵگری نیشتمانی ئەمەریکا، لێکۆڵینەوەیان کردووە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئۆنروا دەزگایەکی مرۆیی بێلایەنە".
لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئۆنروای بە ڕێکخراوێکی گەندەڵ وەسف کرد کە پێشینەی هەیە لە هاوکاریکردنی تیرۆریستان. جەختیشی کردەوە "هەموو ئەگەرێک لەسەر مێزە و هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە".
ناساندن وەک "رێکخراوی تیرۆریستی" توندترین چەکی دەستی واشنتنە و زۆرجار بۆ گرووپەکانی وەک داعش و قاعیدە بەکاردێت. ئەم بژاردەیە مەترسی بۆ هاوپەیمانانی ئەمەریکاش دروست دەکات هاوکاریی ئۆنروا دەکەن، چونکە بەگوێرەی یاساکانی سزادان، هەر لایەنێک مامەڵە لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستی بکات، دووچاری سزا دەبێتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر ڕایگەیاندبوو؛ ڕەنگە 9 کارمەندیان دەستیان لە هێرشەکانی حەماسدا هەبووبێت و لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، بەڵام جەختی کردووەتەوە، ئیسرائیل بەڵگەی پێویستی بۆ تۆمەتە فراوانەکان نەخستووەتەڕوو.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، پێشتر ئاژانسەکەی بە "قۆڵێکی حەماس" ناوبردبوو کە حەماس خۆی لە ساڵی 1997ەوە لەلایەن ئەمەریکاوە وەک تیرۆریست ناسێنراوە.
ئاژانسەکە لە غەززە، کەناری ڕۆژئاوا، لوبنان، ئوردن و سووریا کار دەکات، خزمەتگوزاریی پەروەردە، تەندروستیی و شوێنی مانەوە بۆ ملیۆنان فەڵەستینی دابین دەکات. بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ئۆنروا بە "بڕبڕەی پشتی" وەڵامدانەوەی مرۆیی لە غەززە وەسف دەکەن، بەتایبەت لە سایەی ئەو شەڕە وێرانکەرەی ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە.
واشنتن پێشتر گەورەترین بەخشەری ئاژانسەکە بوو، لە کانونی دووەمی 2024 پارەدارکردنی ڕاگرت، دوای ئەوەی ئیسرائیل ژمارەیەک کارمەندی ئاژانسەکەی بە تێوەگلان لە هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 و پەیوەندی بە حەماسەوە تۆمەتبار کرد؛ تۆمەتێک کە ئۆنروا ڕەتی کردووەتەوە.
