مەسرور بارزانی: یەکێتیی ئافرەتان هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریکردن بووە لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بە بۆنەی بۆنەی ( 73 )مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت: یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریکردن بوون لە مافەکانی ئافرەتان و مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و پشتیوانێکی بێ وێنەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی ( 73 )مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، گەرمترین پیرۆزبایی لە سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و سەرجەم ئەندامانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەکەم و ھیوای سەرکەوتن و بەردەوامییان بۆ دەخوازم .
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، لە مێژووی گەلی کوردستاندا، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ڕۆڵێکی گرنگ و پێشەنگی هەبووە و هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریکردن بووە لە مافەکانی ئافرەتان و مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و پشتیوانێکی بێ وێنەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون و نموونەیەکی گەشەی خەبات و قوربانیدان وگیان بەختکردن بوون لە پێناو مافەکانی گەلی کوردستان. ئەمە جیا لەوەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، ڕۆڵێکی دیاریشی لە داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و پێگەیاندنی چەندین ئافرەتی سەرکردەدا هەبووە .
جێگری سەرۆکی پارتی دەشڵێت، هیوادارم یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ، لە ڕۆڵی پێشەنگانە و خەباتی ڕێکخراوەیی خۆی بەردەوام بێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە پێناو زیاتر خزمەتکردنی ئافرەتانی کوردستان و بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانیان.
