ئۆکرانیا لە دەریای ڕەش کەشتییەکی نەوتهەڵگری ڕووسی تەقاندەوە

سووتانی کەشتی داشان لە دەریای ڕەش
سووتانی کەشتی داشان لە دەریای ڕەش

بەرپرسێکی هێزی ئەمنی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، لە دەریای ڕەش هێرشیانکردووتە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگریی ڕووسیا و تەقاندوویانەتەوە، بە گوێرە ئامارەکانیش زیانە ماددییەکانی کەشتییەکە 30 ملیۆن دۆلار دەبێت. 

میدیاکانی ئۆکرانیا لە زاری بەرپرسێکی دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەیان بڵاویان کردووەتەوە، درەنگانێکی دوێنێ چوارشەممە بە بەلەمێکی بۆمبڕێژکراو، لە دەریای ڕەش هێرشیانکردووەتە سەر کەشتیەکی نەوتهەڵگری (داشان)ـی ڕووسی کە بەرەو بەندەری نوڤۆرۆسیسک لە ڕێگەدا بوو.

بەرپرسە ئۆکرانییەکە ئاماژەیداوە، لە هێرشەکەدا زیانێکی زۆریان بە کەشتییەکە گەیاندووە کە ئاڵای کۆمۆرۆسی هەڵدابوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکانی خەملاندنی زیانەکان، لەو هێرشەدا نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار زیان بە کەشتی نەوتهەڵگری داشان گەیشتووە، بەڵام بە بەهای نزیکەی 60 ملیۆن دۆلار نەوتی هەڵگرتووە. 

بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، مارشاڵ بە کەشتی سێبەری نەوتهەڵگری ڕووسیا ناسراوە، بۆ خۆ دزینەوە لە سزا سەپێندراوەکان بە ئاڵای وڵاتانی دیکە چالاکی بازرگانی دەکات، چونکە پێشتر بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە، لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا، بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا و سویسرا خراوەتە لیستی سزاکانەوە.

بەرپرسە ئۆکرانییە ڕاشیگەیاندووە، دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا ئەوجۆرە چالاکی و هێرشانەیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ڕووسیا چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی داهاتە نایاساییەکانی ڕووسیا لە فرۆشتنی نەوت کەم بکەنەوە، کە دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە خۆی لە سزا نێودەوڵەتییەکان بدزێتەوە.

لە دوو هەفتەدا ئەمە سێیەمین کەشتی نەوتهەڵگری ڕووسیایە لە دەریای ڕەش لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە دەکرێنە ئامانج.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل