ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەوە زیان بە ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتووە ناویان تۆمار دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی چەمچەماڵ، داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکات بەهۆی لافاوەکەوە زیان بەر ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتووە سەردانیان بکەن بۆ تۆمارکردنی زەرەر و زیانەکانیان.
هەینی، 12ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی چەمچەماڵ بڵاویکردەوە، لیژنەیەک بۆ تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەهۆی لافاوەکەی چەمچەماڵ زیانیان بەرکەوتووە پێکهێندراوە و ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی چەمچەماڵ سەرجەم ئۆتۆمبێلە زیان بەرکەوتووەکان تۆمار دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی شارۆچکەکە داوا لە هاووڵاتییانی سنوورەکە و دەوروبەری دەکات ئەوانەی بەهۆی لافاوەکەوە زیان بەر ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتووە سەردانی لیژنەکە بکەن و زیان و جۆری ئۆتۆمبێلەکانیان تۆمار بکەن.
هەروەها لیژنەکە لە ئەمڕۆوە تاوەکوو کۆتایی هەفتە لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی چەمچەماڵ دەبێت و سەرجەم ئۆتۆمبێلە زیان بەرکەوتووەکان تۆمار دەکات.
ڕۆژی سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەهۆی بارانی بە خووڕ لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بووە هۆی دروستبوونی لافاو و زیانێکی زۆری بەر ماڵی هاووڵاتییان گەیاند، هەروەها لە گەرمیان و چەمچەماڵ بووە هۆی لە دەستدانی چەند کەسێک.
هەر لەدوای زیانەکان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەواوی لایەنەکانی پەیوەندیداری ڕاسپارد بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتییان و زیانلێکەوتووان، هاوکات لە دوای پەیامەکەی سەرۆک وەزیران حکوومەتی هەرێمی هاوکاری گەیاندە سنوورەکە.
