ئاژانسی کەشناسی ژاپۆن: دوای بوومەلەرزەکە ئەگەری تسونامی هەیە

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.7 پلەی رێختەر باکووری ژاپۆنی هەژاند و هۆشداری دروستبوونی تسونامی درا، ئەمەش تەنیا چەند ڕۆژێک دوای ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی دیکەی بەهێز لە هەمان ناوچەدا دێت.

ڕۆژی هەینی 12ی کانوونی دووەمی 2025، ئاژانسی کەشناسی ژاپۆن ڕایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.7  پلەی رێختەر کەناراوەکانی باکووری ژاپۆنی هەژاند.

بوومەلەرزەکە تەنیا چەند ڕۆژێک دوای ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی دیکە دێت لە هەمان ناوچەدا کە گوڕەکەی 7.5 پلەی رێختەر بوو و بووە هۆی برینداربوونی نزیکەی 50 کەس. 

ئاژانسی کەشناسی  ژاپۆن ئاماژەشی دا، تا ئێستا شەپۆل بە بەرزی 20 سانتیمەتر تۆمار کراوە، یەکێکیان لە شارۆچکەی "ئێریمۆ" لە دوورگەی هۆکایدۆی باکوور لە کاتژمێر 12:35ی نیوەڕۆ و یەکێکی دیکە دوای سێ خولەک لە ناوچەی "ئۆمۆری" و  هۆشداریدا لە ئەگەری دروستبوونی شەپۆلی تسونامی کە بەرزییەکەی بگاتە یەک مەتر لەسەر کەناراوەکانی باکووری زەریای هێمن

هەروەها دەستەی ڕووپێویی جیۆلۆجیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بوومەلەرزەکە کە گوڕەکەی 6.7 پلە بووە، لە دووری 130 کیلۆمەتر لە شاری "کوجی" لە دوورگەی هۆنشۆ ڕوویداوە.

دەستەی پەخش و تەلەڤیزیۆنی ژاپۆنی NKH  ئاماژەی بەوە کرد، ئاستی لەرینەوەکە کەمتر بووە لە بوومەلەرزەکەی ڕۆژی دووشەممە کە بووە هۆی وێرانبوونی ڕێگەکان و شکانی پەنجەرەکان و دروستبوونی شەپۆلی تسونامی کە بەرزییەکەی گەیشتە 70 سانتیمەتر.

لە لایەن خۆیەوە دەستەی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، هیچ نیشانەیەکی دەستبەجێ نییە بۆ هەبوونی کێشە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ناوچەکەدا.

ئاژانسی کەشناسی ژاپۆن ڕۆژی سێشەممە هۆشدارییێکی دەگمەنی دابوو بۆ هەردوو دوورگەی هۆنشۆ و هۆکایدۆ سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی نوێ لە ماوەی هەفتەیەکدا کە هێزەکەی لەوەی ئێوارەی دووشەممە زیاتر بێت.

ناوچەکە هێشتا لەژێر کاریگەری یادەوەری بوومەلەرزە بەهێزەکەی ساڵی 2011 دایە کە گوڕەکەی نۆ  پلەی رێختەر بوو و لەژێر دەریاوە ڕوویدا و بووە هۆی تسونامییەک کە نزیکەی 18 هەزار و 500 کوژراو و بێسەروشوێنی لێکەوتەوە.

ژاپۆن دەکەوێتە سەر چوار پەڕەی تەکتۆنی سەرەکی لە درێژایی لای ڕۆژئاوای "پشتێنەی ئاگرین" و یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە زۆرترین بوومەلەرزەی تێدایە.

ئەو وڵاتە کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 125 ملیۆن کەسە، ساڵانە نزیکەی  1500بوومەلەرزە بەخۆیەوە دەبینێت. هەرچەندە بەشێکی زۆریان سووکن، بەڵام زیانەکانیان بە گوێرەی شوێن و قوڵییەکەیان جیاوازە.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل