میراتی سەد ساڵەی سمۆرەکان بۆ دانیشتووانی گەزنە

ئەندازیارە بێدەنگەکانی سروشت

سمۆرە
سمۆرە

لە دیاردەیەکی دەگمەنی سروشتیدا کە تێیدا مرۆڤ تەنیا بەکاربەرە و گیانلەبەرێکی کێوی ئەرکی (باخەوانی) لە ئەستۆ گرتووە، گوندێکی دەڤەری باڵەکایەتی بووەتە خاوەنی دارستانێکی چڕی گوێز بەبێ ئەوەی دەستی مرۆڤی تێدا بێت.

 لە گوندی گەزنەی سەر بە شارەدێی سمێلان، سمۆرەکان مێژووی سەوزکردنی ناوچەکەیان تۆمار کردووە و زیاتر لە 10 هەزار دارگوێزیان چاندووە، دانیشتووانی ناوچەکە بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەکە وەک میراتگرێکی شەرعی، بەرهەمی ڕەنجی ئەو گیانلەبەرانە دەخۆن.

جوگرافیایەک بۆ ژیانەوەی گوێز
دەڤەری باڵەکایەتی بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و کەشوهەوا سارد و بەفراوییەکەی، بە یەکێک لە گونجاوترین ژینگەکان بۆ گەشەکردنی دارگوێز دادەنرێت.

 ئەم ناوچەیە کە خاوەنی خاکێکی بەپیت و ئاوێکی سازگارە، بووەتە مەیدانێکی لەبار بۆ سووڕی ژیانی سمۆرەکان.

 ئەم گیانلەبەرە چالاکانە بە سروشتی خۆیان، لە وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومدا، گوێز و بەڕوو کۆدەکەنەوە و بە مەبەستی هەڵگرتن بۆ زستان، لەژێر خاکدا دەیانشارنەوە. 

بەڵام زۆرجار شوێنی شاردنەوەکانیان لەبیر دەکەن، یان بەهۆی بارودۆخی سروشتییەوە نادۆزرێنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تۆوەکان لەژێر خاکدا گەشە بکەن و دارستانێکی سروشتی و خۆڕسک دروست بکەن کە ئێستا بووەتە سەرچاوەی بژێوی و جوانی بۆ ناوچەکە.

لێڕەوارێک بە ئەندازەیی سروشت
بەپێی گێڕانەوەی دانیشتووانی گوندی گەزنە، ئەو دارستانە گوێزەی کە ئێستا بووەتە بەشێک لە ناسنامەی گوندەکەیان، دیمەنێکی ناوازەی بەخشیوه. سلێمان غەفور، یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کردووە،  درێژیی ڕووبەری دارستانەکە نزیکەی 3 کیلۆمەتر دەبێت و لە گوندەکەی ئەوانەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە سنووری برادۆست،  لە گەلیی گوندەکەیان زیاتر لە 10 هەزار دارگوێز بوونیان هەیە کە بەهۆی تەمەنە زۆرەکەیانەوە قەبارەیان گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی.

 بەشێک لەو دارانە تەمەنیان 100 ساڵی تێپەڕاندووە، باڵایان گەیشتووەتە 20 مەتر و قەدیان (تیرەی کەمەریان) دەگاتە 3 مەتر و نیو، کە ئەمەش نیشانەی ڕیشەداکوتانی قوڵی مێژووی ئەم دارانەیە لە خاکەکەدا.

دابەشکاریی دادپەروەرانەی بەروبووم
مێژووی کۆکردنەوەی بەرهەمی ئەم دارانە، نەریتێکی کۆمەڵایەتی و هەرەوەزیی لێ کەوتووەتەوە.

 موشیر عەبدولواحید، خەڵکی گوندەکەیە و بۆ کوردستان24 باسی لەوە کردووە،  مێژووی ئەم نەریتە بۆ پێش ساڵی 1974 دەگەڕێتەوە، کاتێک خەڵکی گوندەکە بە شێوەی هەرەوەزی ڕوویان لە دارستانەکە دەکرد بۆ کۆکردنەوەی گوێز، بەپێی سیستەمێکی کۆنی گوندەکە، بەرهەمەکە بە یەکسانی بەسەر چوار تایفەی سەرەکیی گوندەکەدا دابەش کراوە، دەڵێت: ئەم نەریتە تا ئێستاش هەر ماوە و نەوە دوای نەوە دانیشتووانەکە سوود لەو میراتە وەردەگرن کە سمۆرەکان بۆیان جێهێشتوون.

وەفای مرۆڤ بۆ باخەوانە بچووکەکە
ئەم خزمەتە گەورەیەی سمۆرەکان، هەستێکی سۆزداری و وەفاداریی لەلای دانیشتووانی گەزنە دروست کردووە.

 محەممەد موشیر، گەنجێکی گوندەکەیە و چیرۆکێکی تایبەتی خۆی لەگەڵ ئەم گیانلەبەرە هەیە،  ئەو باسی لەوە کرد،  ڕۆژێک لە کاتی گەڕانەوەی لە قوتابخانە، سمۆرەیەکی برینداری دۆزیوەتەوە کە لە دار کەوتووەتە خوارەوە، وەک پاداشتێک بۆ چاکەی ئەم گیانلەبەرە، محەممەد سمۆرەکەی بردووەتەوە ماڵەوە، چارەسەری کردووە و بڕیاری داوە تا چاکبوونەوەی تەواوەتی و گەورەبوونی خزمەتی بکات، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەوەی دواتر بیگەڕێنێتەوە باوەشی سروشت، تاوەکو بەردەوامی بدات بەو ئەڵقە ژیانییەی کە سەد ساڵە ناوچەکەی پێ دەوڵەمەند کردووە.

 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل