شاندی ئیمراڵی لەگەڵ پارتەکان دۆسیەی چارەسەری تاوتوێ دەکات
لە هەنگاوێکی دیپلۆماسیی چڕدا بۆ داڕشتنەوەی نەخشەڕێگایەکی نوێ بۆ ئاشتی و گواستنەوەی گفتوگۆکان بۆ قۆناغێکی باڵاتر، شاندی تایبەتی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی دەستی بە زنجیرەیەک دیداری سیاسیی یەکلاکەرەوە کردووە.
ئەمڕۆ هەینی جووڵەکان لە ئەنقەرە گەرموگوڕتر بوون و شاندەکە بە ئەجێندایەکی پڕ لە پێشنیاز و ئامادەکاری بۆ قۆناغی داهاتوو، دەرگای پارتە سیاسییەکانیان کردەوە تاوەکو دیدگایەکی هاوبەش بۆ پەرلەمان گەڵاڵە بکەن و زەمینە بۆ قۆناغێکی نوێی ئاشتەوایی خۆش بکەن.
پردێکی سیاسی لە نێوان دورگە و کۆشکدا
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کە زیاتر لە ساڵێکە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، بە هەوڵی شاندێکی باڵا بەڕێوە دەچێت وەک ئەڵقەی بەیەکگەیشتنی لایەنە ناکۆکەکان دەردەکەون، شاندی ئیمراڵی کە بە لایەنێکی سەرەکی و بزوێنەری پرۆسەکە دادەنرێن، توانیویانە ڕۆڵێکی کارا لە نێوان زیندانی ئیمراڵی و کۆشکی سەرۆکایەتیدا بگێڕن، ئەوان لەم ماوەیەدا چەندین جار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبوونەتەوە و پەیامەکانی ئەویان گەیاندووە، هاوکات 3سێ جار لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دانیشتوون، ئەمەش وای کردووە ببنە خاوەنی کلیلی کردنەوەی دەرگا داخراوەکانی سیاسەت لە تورکیادا.
گەڵاڵەکردنی ڕاپۆرتی چارەسەر
لە چوارچێوەی ئەم هەوڵانەدا، شاندەکە کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان، میتحات سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، سەردانی بارەگای پارتی دەڤایان کرد و لەگەڵ عەلی باباجان، سەرۆکی پارتەکە کۆبوونەوە، تەوەری سەرەکیی دیدارەکە تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی بوو، بەتایبەت لە کاتێکدا کە پارتە سیاسییەکان سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕاپۆرت و پێشنیازەکانن بۆ ئەوەی وەک پڕۆژەیەکی گشتگیر ئاراستەی پەرلەمانی وڵاتەکەی بکەن.
ماراسۆنی دیپلۆماسی بۆ کۆدەنگیی سیاسی
هەوڵەکانی شاندەکە تەنیا لە یەک وێستگەدا نەوەستان، بەڵکو درێژەیان بە دیدارەکانیان داوە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی گۆڕەپانی تورکیا کۆبوونەوەتەوە.
ئامانجی سەرەکیی ئەم جموجۆڵانە دروستکردنی کۆدەنگییەکی سیاسییە لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، تاوەکو بتوانن لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە، ڕێگرییەکان لاببەن و قۆناغی داهاتوو کە قۆناغی جێبەجێکردن و بڕیاردانی پەرلەمانییە، بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنن.
