فشار لە وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا دەکرێت دەست لەکار بکێشێتەوە
لە میانەی دانیشتنێکی گەرمی دوێنێ پێنجشەممەی کۆنگرێسدا، پەرلەمانتارانی دیموکرات داوایان لە کریستی نۆیم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا کرد دەست لەکار بکێشێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو بەرگری لە بەرنامەی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ کرد کە ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ پەیڕەوی دەکات.
لە دانیشتنەکەدا سیت ماگازینەر، پەرلەمانتاری دیموکرات ڕووی دەمی کردە وەزیرەکە و ڕایگەیاند:ناوبراو بەڵێنی بە ویلایەتە یەکگرتووەکان دابوو بەدواداچوون بۆ خراپترین تاوانباران بکات، بەڵام بە گوتەی ماگازینەر ئەو هەڵمەتە فراوانەی کۆچ کە لە سەردەمی سەرۆکی کۆمارییەکاندا دەستی پێکردووە، سەربازانی دێرینی سوپای ئەمەریکا و کەسوکاریان و ژنانی دووگیان و منداڵان و تەنانەت هەندێک هاوڵاتیی ئەمەریکیشی گرتووەتەوە.
لە میانی دانیشتنی لیژنەی ئاسایشی ناوخۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەران کە چەندین جار لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە پچڕێنرا، ماگازینەر ئاماژەی بەوە کرد، کێشەی زۆر لە سەرکردایەتی نۆیمدا هەیە، بەڵام گەورەترینیان ئەوەیە، ناوبراو نازانێت چۆن جیاوازی لە نێوان کەسانی باش و خراپدا بکات.
لای خۆیەوە بێنی تۆمسۆن ئەندامی دیموکراتەکان لە لیژنەکە ڕایگەیاند، نۆیم سەرچاوەکانی ئاژانس و بەرنامە گرنگەکانی ئاسایشی ناوخۆی گۆڕیوە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی توندڕەوی کۆچ.
ناوبراو جەختی کردەوە، ئەمەریکییە ڕەشپێست و ڕەنگپێستەکان بەتایبەتی ڕووبەڕووی جیاکاریی ڕەگەزی و دەستبەسەرکردن و زیندانیکردن بوونەتەوە، بۆیە داوای لێکرد لەبری دانیشتن و بەهەدەردانی کاتی هەمووان بە گەندەڵیی زیاتر و درۆ و پشێوی، باشترە دەست لەکار بکێشێتەوە.
لە کاتێکدا دیموکراتەکانی لیژنەکە بە توندی ڕەخنەیان لە نۆیم و ئیدارەی ترەمپ گرت، کۆمارییەکان ستایشی وەزارەتەکەیان کرد بۆ پاراستنی سنوورەکانی ئەمەریکا و مەکسیک و دەستگیرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی وەک ئامادەکارییەک بۆ دیپۆرتکردنەوەیان.
نۆیم لە دانیشتنەکەدا بەرگری لە ڕێکارەکانی کارمەندانی ئیدارەی کۆچ و گومرگ کرد و ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی پێشووی دیموکراتی تۆمەتبار کرد بەوەی ڕێگەی بە ملیۆنان کەس داوە بە شێوەیەکی نایاسایی بچنە ناو وڵاتەکەوە.
سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییانی ئەمەریکی، نۆیم ڕەتیکردەوە، هیچ هاوڵاتییەکی ئەمەریکی دەستبەسەر کرابێت یان دیپۆرت کرابێتەوە، بەڵام دانی بەوەدا نا کە هەندێک حاڵەت هەبووە خەڵک تێیدا ڕاگیراون تا ئەو کاتەی ناسنامەکانیان پشتڕاست کراوەتەوە.
ناوبراو ڕوونیکردەوە کاتێک ئۆپەراسیۆنەکانی جێبەجێکردنی یاسا دژی کۆچبەرانی نایاسایی تاوانبار ئەنجام دەدەن، ڕەنگە ئەو کەسانەی لەو ناوچەیەدان بەشێوەیەکی کاتی ڕابگیرێن تا ناسنامەکانیان دەپشکنن و دواتر ئازاد دەکرێن.
جێی ئاماژەیە ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا بەڵێنی دیپۆرتکردنەوەی ملیۆنان کۆچبەری نایاسایی دابوو، نۆیمیش وەک وەزیری ئاسایشی ناوخۆ سەرپەرشتیی ئەم پڕۆسەیە دەکات.
