وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ترەمپ فشار لە ئەورووپا دەکات زێلێنسکی ناچار بە دەستبەرداربوونی خاک بکەن
سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ئەمەریکا فشار دەکات بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئابووریی ئازادی لە چەکداماڵراو دامەزراو لە نێوان هێزەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، وەک بەشێک لە چارەسەر بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.هاوکات، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردەوە، سەرۆکی ئەمەریکا فشار لە سەرکردەکانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا دەکات بۆ ئەوەی سەرۆکی ئۆکرانیا ناچار بکەن پلانەکەی قبووڵ بکات.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کیێڤ وردەکاریی پلانەکەی خستە ڕوو و گوتی: ئەوان دەیانەوێت هێزەکانی ئۆکرانیا لە خاکی دۆنێتسک بکشێنەوە، سازشەکەش ئەوەیە گوایە هێزەکانی ڕووسیاش نەچنە ئەو ناوچەیە.. کە ئەوان ناویان لێ ناوە ناوچەی ئابووریی ئازاد.
بەپێی قسەکانی زێلێنسکی، لەو پلانەدا داوا لە ڕووسیا ناکرێت لە تەواوی دۆنێتسک یان پێگەکانی لە خێرسۆن و زاپۆریژیا بکشێتەوە، بەڵکوو تەنیا هێزەکانی لە ناوچەکانی خارکیڤ، دنیپرۆپێترۆڤسک و سۆمی دەباتە دەرەوە.
سەبارەت بەوەی ئایا ئۆکرانیا بەمە ڕازی دەبێت یان نا، زێلێنسکی جەختی کردەوە هەر سازشێک لەسەر خاک بکرێت، دەبێت بە دەنگی گەل یەکلایی بکرێتەوە. گوتیشی: باوەڕم وایە خەڵکی ئۆکرانیا وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەنەوە، جا لە ڕێگەی هەڵبژاردن بێت یان ڕیفراندۆم.
سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشکراشی کرد کە ئەمەریکا نایەوێت ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ، بەڵام ئاماژەی بەوە دا کە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا واژۆ دەکەن لەسەر ئابووری و گەرەنتیی ئەمنی کە ڕەنگە هاوشێوەی پلانی مارشال بێت بۆ ئاوەدانکردنەوە. زێلێنسکی گومانی خۆشی نیشان دا لەوەی نازانن ئەمەریکا چ ڕێککەوتنێکی جیاواز و نهێنیی لەگەڵ ڕووسیا هەیە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا فشار لە سەرکردەکانی ئەورووپا (ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا) دەکات بۆ ئەوەی زێلێنسکی ناچار بکەن پلانەکەی ئەمەریکا قبووڵ بکات.
بەپێی ڕۆژنامەکە، پلانەکە داوا لە ئۆکرانیا دەکات دەستبەرداری بەشێکی بەرچاو لە خاکەکەی بێت و توانای سەربازیی خۆی سنووردار بکات. ترەمپ لە پەیوەندییەکانیدا ڕەخنەی لە زێلێنسکی گرتووە کە بە باشی مامەڵەی لەگەڵ پێشنیازەکانی پێشووی ئەمەریکا نەکردووە.
