تۆم باراک: سووریا خواستی شەڕکردنی لەدژی ئیسرائیل نییە

نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا ڕایگەیاند: بە یارمەتی هەواڵگری تورکیا، ئەمەریکا و سووریا بەیەکەوە لە چەند هەفتەی رابردوودا نۆ شانەی حزبوڵڵا و چەندین لایەنی سەر بە داعشیان لەناوبردووە.

پێنجشەممە،11ـی کانوونی یەکەمی 2025، تۆم باراك نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سووریا ڕایگەیاند، سووریا بەنیاز نییە لەدژی ئیسرائیل شەڕ بکات و تەنیا سەرنجی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و چەکداری بیانی و گرووپەکانی نزیك لە ئێرانە.

ئاشکراشی دەکات، بە یارمەتی هەواڵگری تورکیا، ئەمەریکا و سووریا بەیەکەوە لە چەند هەفتەی رابردوودا نۆ شانەی حزبوڵڵا و چەندین لایەنی سەر بە داعشیان لەناوبردووە.

ئاماژەی بەوە داوە، بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکانی سووریا و ئیسرائیل هەیە، بەڵام بە وریاییەوە بەڕێوەدەچێت، ئێستا لەڕووی دیمەنی ئەمنییەوە سووریا لای ئیسرائیل سەلامەتترین شوێنە و وەك لوبنان گرووپی وەك حزبوڵڵای لێ نییە.

جەختیش دەکاتەوە، ئیسرائیل دەیەوێت هاوشێوەی رێککەوتنی لەگەڵ میسر بۆ چەك داماڵێنی بیابانی سینا ڕێککەوتنێك بۆ ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ سووریاش بکات و جگە لەمە سووریا هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە، بۆ ئیسرائیلیش بە هەمان شێوە ئەگەر نایەوێت لەسەر هەموو سنوورەکانی شەڕ بەردەوام بێت.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل