دوای وشکەساڵییەکی سەخت بارانبارین ئاستی ئاوی ڕووباری فوراتی بەرز کردەوە

بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگای زیقار ڕایگەیاند، شەپۆلی بارانبارینی ئەم دواییە بووەتە هۆی بووژانەوەی ڕووباری فورات و لە هەر چرکەیەکدا 45 مەتر سێجا ئاو بۆ ڕووبارەکە زیاد بووە.

هاشم محێبس، بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگای زیقار بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیی ڕاگەیاند؛ دوای ئەوەی وشکەساڵییەکی بەهێز ڕووی لە پارێزگاکەیان کردبوو، خۆشبەختانە شەپۆلی بارانبارینی چەند ڕۆژی ڕابردوو بووەتە هۆی ئەوەی ڕووباری فورات لە سنووری پارێزگاکەدا ببووژێتەوە.

محێبس ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی ئەو شەپۆلەوە ئاستی ئاوی ڕووبارەکە لە نێوان پارێزگای موسەننا بۆ زیقار، 37 سانتیمەتر بەرز بووەتەوە.

سەبارەت بە سوودی بارانەکە بۆ کەرتی کشتوکاڵ، ناوبراو ڕوونی کردەوە تێکڕای بارانبارین لە یەکە ئیدارییەکانی کەنار ڕووباری فورات گەیشتووەتە 14 ملیمەتر، ئەمەش بڕێکی باشە بۆ بووژانەوەی لقەکانی ئاودێری و زەوییە کشتوکاڵییەکان کە لەم وەرزەدا پشت بە ئاوی باران دەبەستن.

بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی زیقار ئەوەشی خستەڕوو کە کاریگەریی ئەم بارانە تەنیا لەسەر ڕووبارەکە نییە، بەڵکوو ئاودێرەکانی دەبووژێنێتەوە، بەتایبەت زۆنگاوەکانی حەمار و جەبایش.

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا سەڕێژی باراناوی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاستی عێراقیش بگاتە سنووری پارێزگاکەیان و ئاستی ئاوەکە زیاتر بەرز بێتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل