بەهۆی قەیرانی داراییەوە هیچ پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریی لە دیوانییە نییە
قەیرانی دارایی دیوانییە ئیفلیج دەکات و خزمەتگوزارییەکان لە خاڵی سفردان و پڕۆژەکان ڕاگیراون.
لە دۆخێکی مەترسیداردا کە ئاماژەیە بۆ داڕمانی ژێرخانی ئابووری و وەستانی جووڵەی ئاوەدانکردنەوە لە باشووری عێراق، پارێزگای دیوانییە ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی خنکێنەر بووەتەوە کە بووەتە هۆی ئیفلیجکردنی تەواوەتیی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و ڕاگرتنی سەرجەم پڕۆژە ستراتیژییەکان، ئەمەش مەترسییەکانی سەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایەی زیاتر کردوو.
حەسەن هیلالی، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان لە پارێزگای دیوانییە هۆشداریدا لەوەی، بەهۆی خەرجنەکردنی بودجەی کارپێکردنەوە، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان تووشی مایەپووچبوون بوون و هیچ بڕە پارەیەکیان لەبەردەستدا نەماوە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان، ئەمەش وای کردووە هیچ پڕۆژەیەکی حکوومی لە قۆناغی جێبەجێکردندا نەبێت و بەشێکی زۆری پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کە 3 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرن، کارکردن تێیاندا بەتەواوی بوەستێت.
ناوبراو ئاشکراشی کرد، بەشێک لەو پڕۆژانە مێژووی ڕاگرتنیان بۆ ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە و بەشێکی دیکەشیان لە ساڵی 2020ـەوە بەهۆی ئەو تەنگژە داراییەی بەرۆکی پارێزگاکەی گرتووە فەرامۆش کراون.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە دیوانییە بە یەکێک لە هەژارترین پارێزگاکانی عێراق دادەنرێت و ساڵانە بەدەست کەمیی تەرخانکراوی دارایی و وێرانبوونی ژێرخانی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت، بەردەوامیی کێشە داراییەکانیش وای کردووە کە تەنانەت پڕۆژە تەواونەکراوەکانی دەیەی ڕابردووش نەتوانن تەواو بکرێن و خەڵکەکەی لە بێبەشیدا بمێننەوە.
