هێرش دەکرێتە سەر هێزێکی هاوبەشی سووریا و ئەمەریکا و ژمارەیەک سەرباز بریندار دەبن
لە ڕووداوێکی ئەمنیی دەگمەن و نەخوازراودا لە نزیک شاری تەدمور، کاروانێکی هاوبەشی هێزە ئەمنییەکانی سووریا و هێزەکانی ئەمەریکا کرانە ئامانج، بەهۆیەوە ژمارەیەک سەرباز لە هەردوو لا بریندار بوون و دەستبەجێ ڕێکارە سەربازی و ئەمنییەکان لە ناوچەکە گیرانە بەر.
سەرچاوە ئەمنییەکان بڵاویان کردووەتەوە کە ئەمڕۆ شەممە 13ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە کاتی ئەنجامدانی گەڕانێکی مەیدانیی هاوبەشدا لە نزیک شاری تەدمور، چەکدارێک دەستڕێژیی گولـلەی لە هێزەکان کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەئاکامی هێرشەکەدا دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سووریا، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەربازانی هێزەکانی ئەمەریکا برینداربوون.
لە وەڵامی ئەو دەستڕێژییەدا، هێزەکان دەستبەجێ وەڵامی سەرچاوەی تەقەکەیان داوەتەوە و هێرشبەرەکەیان کوشتووە، بەڵام تا ئێستا وردەکاریی زیاتر لەبارەی ناسنامەی هێرشبەرەکە یان پاڵنەرەکانی پشت ئەم کارە ئاشکرا نەکراوە.
دوای ڕووداوەکە، دۆخێکی ئەمنیی توند ناوچەکەی گرتووەتەوە، ڕێگای نێودەوڵەتیی نێوان دێرەزوور و دیمەشق بە شێوەیەکی کاتی بە ڕووی هاتووچۆدا داخراوە.
هاوکات فڕۆکە جەنگییەکان بە چڕی بە ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە.
هەروەها هەلیکۆپتەرە ئەمەریکییەکان بەپەلە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و سەرجەم بریندارەکانیان بۆ بنکەی سەربازیی تەنف گواستووەتەوە.
شاری تەدمور (پاڵمیرا) کە دەکەوێتە پارێزگای حومس، بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە لە ناوەڕاستی سووریا، خاڵێکی گرنگی گەیاندنە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە، ناوچە بیابانییەکانی دەوروبەری تەدمور بەردەوام وەک پەناگە و ڕێڕەوی جووڵەی گرووپە چەکدارەکان بەکار هاتووە.
لەلایەکی دیکەوە، بنکەی تەنف کە دەکەوێتە سەر سێگۆشەی سنووریی نێوان سووریا، عێراق و ئوردن، یەکێکە لە گرنگترین پێگەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە سووریا، بوونی گەڕانێکی مەیدانیی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی سووریا و ئەمەریکا بە ڕووداوێکی مەیدانیی شاز دادەنرێت، بەو پێیەی پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکانی نێوان دیمەشق و واشنتن بەردەوام گرژیی تێدایە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەستیاریی دۆخەکە و گرنگیی ئەو ناوچەیە لە هاوکێشە ئەمنییەکاندا.
