تەندروستیی جیهانی: شەش هەزار کەس لە غەززە بوونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ئامارێکی لەسەر دۆخی تەندروستی و مرۆیی کەرتی غەززە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، نزیکەی شەش هەزار کەس بەهۆی جەنگەوە بوونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت و پەلەکانیان پەڕیوە، هاوکات هەزاران کەسی دیکەش بەهۆی داڕمانی کەرتی تەندروستییەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە نێوان 5 بۆ 6 هەزار کەس لە دانیشتووانی غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە دەست یان قاچیان بڕاوەتەوە، کە 25%ی ئەم ژمارەیە منداڵن. ئەم قوربانیانە ئێستا بەدەست کەمی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن و وەک خۆیان دەڵێن هیچ هیوایەکیان بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ نەماوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تەنیا لە مانگی ئابەوە تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، 1092 کەس لە غەززە بەهۆی نەبوونی دەرمان و پێداویستی پزیشکییەوە گیانیان لەدەستداوە. ڕێکخراوەکە هۆشداری دەدات کە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانیان زۆر لەوە زیاترە، چونکە بەشێکی زۆری مردوو تۆمار نەکراون.

سەبارەت بە دۆخی نەخۆشخانەکان، ئاماژە بەوە کراوە کە لە کۆی 36 نەخۆشخانەی کەرتی غەززە، 18 نەخۆشخانە بەهۆی نەبوونی کەرەستە و کادری پزیشکییەوە تەنیا بە شێوەیەکی سنووردار و ڕێژەیی کار دەکەن.

وێڕای هەوڵەکان بۆ ئاگربەست، بەڵام دانیشتووانی غەززە هێشتا بەدەست ئازاری جەستەیی و دەروونییەوە دەتلێنەوە. حەنین مەبحوح، یەکێکە لەو قوربانییانەی کە لە یەک ساتدا چوار کچەکەی و قاچێکی خۆی لەدەستداوە. حەنین دەڵێت: هەمیشە دەپرسم بۆچی و چۆن وام لێهات، برینەکەم منی کەمئەندام کردووە و ژیانی لە خاڵێکدا وەستاندووە، ناهێڵێت دەست بە ژیانێکی نوێ بکەمەوە.

لای خۆیەوە یاسین مەعروف، گەنجێکی دیکەی قوربانی جەنگەکە، باسی خەونە لەدەستچووەکانی دەکات و دەڵێت: شتێکم لەدەستدا کە تەواوی ژیانمی گۆڕی. پێشتر کارم دەکرد و داهاتووم بۆ کوڕەکەم و خێزانەکەم دابین دەکرد، بەڵام ئێستا بێکارم و قاچێکم لەدەستداوە، بۆ چوونی دەستشۆرێک پێویستم بە دوو کەسە، بە ڕاستی ژیانم وێران بوو.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل