یەکێتیی ئەوروپا پێدانی مافی پەنابەریی بە هاووڵاتییانی تورکیا سنووردار دەکات
وەزیرانی ناوخۆی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، پرۆژە بڕیارێکی نوێیان پەسەند کرد کە تێیدا تورکیا دەخرێتە لیستی "وڵاتە ئارامەکان"ەوە، ئەم بڕیارەش بەربەستی گەورە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی تورکیا دروست دەکات کە دەیانەوێت مافی پەنابەری لە ئەوروپا وەربگرن.
بەگوێرەی بڕیارەکە، لەمەودوا چانسی وەرگرتنی مافی مانەوە بۆ خەڵکی تورکیا و باکووری کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە، چونکە پۆلێنکردنی وڵاتێک وەک "شوێنی ئارام" واتای ئەوەیە کە مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی نییە.
یەکێتیی ئەوروپا بۆ دەستنیشانکردنی وڵاتانی ئارام پشت بە دوو پێوەری سەرەکی دەبەستێت، کە بەپێی داتاکانی یەکێتییەکە، هەرسێکیان لە دۆخی ئێستای تورکیادا بەدی دەکرێن، ئەوانیش نەبوونی جەنگ و ململانێی سەربازی لە وڵاتەکەدا، نەبوونی سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ئەو وڵاتە. هاوکات ئامارەکان دەریدەخەن لە ماوەی ڕابردوودا کەمتر لە 20%ی ئەوانەی لەو وڵاتەوە ڕوویان لە ئەوروپا کردووە، مافی پەنابەرییان پێدراوە
ئەم هەنگاوەی وەزیرانی ناوخۆی ئەوروپا بە بەشێک لە سیاسەتی توندکردنەوەی ڕێکارەکانی کۆچبەری دادەنرێت و وا دەکات دۆسیەی کۆچبەرانی خەڵکی تورکیا بە خێرایی یەکلایی بکرێتەوە و زۆربەیان ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوە و ناردنەوە ببنەوە.
