وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا: تا کۆتایی ساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن کۆچبەر وڵات جێدەهێڵن
وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، تا کۆتایی ئەمساڵ بە ملیۆنان کۆچبەری نایاسایی وڵاتەکە جێدەهێڵن و بۆ هاندانی گەڕانەوەی خۆبەخشانەش، حکوومەت بڕی هەزار دۆلار و ئاسانکاریی یاسایی دەداتە کۆچبەران.
کریستی نۆیم، وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پلانەکانیان بۆ سنووردارکردنی کۆچی نایاسایی ئەنجامی هەبووە و پێشبینی دەکەن تا کۆتایی ئەمساڵ نزیکەی دوو ملیۆن و 500 هەزار کۆچبەری نایاسایی وڵاتەکەی جێبهێڵن.
نۆیم لە لێدوانێکدا وردەکاری پرۆسەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: لەو ژمارەیە، 600 هەزار کەسیان لە ڕێگەی دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوە دەگەڕێندرێنەوە، بەڵام بەشی هەرە زۆریان کە ملیۆنێک و 900 هەزار کۆچبەرن، بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بڕیاری گەڕانەوەیان داوە.
وەزیرەکەی ئەمەریکا ئاماژەی بە پلانێکی ئاسانکاری کرد کە حکوومەت پەیڕەوی دەکات بۆ هاندانی کۆچبەران تا بە خواستی خۆیان بگەڕێنەوە. بەگوێرەی پلانەکە، هەر کۆچبەرێک ئارەزوومەندانە بگەڕێتەوە نیشتمانەکەی، بڕی هەزار دۆلاری پێ دەدرێت و لە هەمان کاتدا دەرفەتی ئەوەی پێ دەدرێت کە لە داهاتوودا بە ڕێگەی یاسایی و ڕاست داوای گەڕانەوە بۆ ئەمەریکا بکات.
کریستی نۆیم جەختی لەوە کردەوە ئیدارەی ئێستا خواستی جددی هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەی لە ڕابردوودا لە دۆسیەی کۆچبەراندا کراون و ڕایگەیاند: لە ئەنجامی ئەم هەوڵانەدا، توانیومانە ڕێگرییەکی زۆر بکەین لە پەڕینەوەی نایاسایی لە سنوورەکانەوە بۆ ناو وڵاتەکەمان.
