خوێندنی پارالێڵ و ئێواران بۆ قوتابییانی چەمچەماڵ و دەوروبەری دەکرێتە بێ بەرانبەر

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیاری دا بە، لێخۆشبوون لە کرێی خوێندنی؛ بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا بۆ قوتابییانی چەمچەماڵ و دەوروبەری.

 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، لە پێناو بەشداریکردن و هاوخەمی لەگەڵ خەڵکی چەمچەماڵی و دەوروبەریدا و بۆ بە دەنگەوەهاتنی قوتابییان، بڕیاری دا بە، لێخۆشبون لە پارەی کرێی خوێندنی قوتابی دانیشتووی قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری کە بە پارالێل یان خوێندنی ئێواران وەرگیراون لە خوێندنی بەرایی (دبلۆم و بەکالۆریۆس) و خوێندنی باڵا (دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا)، لە سەرجەم زانکۆکان بۆ بڕی ماوەی کرێی خوێندنیان بۆ ساڵی خوێندنی (2025-2026).

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنەراوێکدا جەختی لەوە کردەوە، پێویستە قوتابییان بە دیکۆمێنتى یاسایی بیسەلمێنن کە دانیشتووی قەزای چەمچەماڵن یان ئەو شوێنانەی کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، بۆ ئەوەى بڕیارى لێخۆشبوون لە کرێى خوێندن بیانگرێتەوە.

دەقی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، کە لە پێنجشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2025 دەرچووە، لەو لینکەدا ببینە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی ئەو شەپۆلەی بارانبارینەی چەند ڕۆژێکە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لافاو لە سەنتەری قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری ڕووی دا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لە دەستدا و 12 کەسیش بریندار بوون. هاوکات زیان بە زیاتر لە 500 خانوو و دەیان فەرمانگە و قوتابخانەی سنوورەکە کەوت.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل