بە ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران 55 هەزار کتێبی نوێ بەسەر قوتابییانی چەمچەماڵدا دابەش دەکرێن
بە ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 55 هەزار کتێبی نوێ بۆ قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ دابین دەکات.
یەکشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕێژەن دلێر، بەڕێوەبەری هۆبەی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ دالیا کەمال، پەیامنێری کوردستان24 گوتی: "ئامادەکارییەکان لە کۆگاکانی پەروەردەی ڕۆژهەڵات بۆ گواستنەوەی کتێبە نوێیەکان دەستیانپێکردووە. بڕیارە کتێبەکان بەسەر نزیکەی پێنج هەزار قوتابیدا دابەش بکرێن، کە لە ئەنجامی لافاوەکەدا کتێبەکانیان لەناوچووە."
ناوبراو ڕوونیکردەوە، ئەمە قۆناغی یەکەمی هاوکارییەکانە. کتێب بۆ پۆلەکانی یەک تا شەشی بنەڕەتی بۆ 750 قوتابی دابین کراوە. هەروەها بۆ پۆلەکانی حەوت تا نۆی بنەڕەتیش نزیکەی 500 قوتابی کتێب وەردەگرن و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.
بەهای ئەو 55 هەزار کتێبە نوێیە بە نزیکەیی 70 ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابین کراون.
لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی چەمچەماڵ، زیانی گیانی و ماددیی زۆری لێ کەوتەوە. زیاتر لە 500 ماڵ و 100 دووکان زیانیان بەرکەوت. کەرتی پەروەردەش لەم کارەساتە بێبەش نەبوو؛ زیاتر لە 10 قوتابخانە لە سنوورەکە زیانیان بەرکەوت و پرۆسەی خوێندن تێیاندا بۆ ماوەیەک ڕاگیراوە.
وەزارەتی پەروەردە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، زنجیرەیەک بڕیاری بەپەلەی دەرکرد، لەوانە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکان، قەرەبووکردنەوەی کەلوپەلە لەناوچووەکان و دواخستنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرز. ئەم هەڵمەتەی دابینکردنی کتێبیش بەشێکە لە هەوڵەکانی حکوومەت و ڕێکخراوەکان بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان و گەڕاندنەوەی خوێندکاران بۆ پۆلەکانیان.
