ئەنقەرە دۆسیەی ڕێککەوتنەکەی هەسەدە و دیمەشق دەخاتە سەر مێزی گفتوگۆ

سبەی دووشەممە 15ـی  کانوونی یەکەمی 2025، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا، کابینەی حکوومەت بە سەرپەرشتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی نەخشەڕێگای نوێی پرۆسەی ئاشتی لە ناوخۆی وڵات و تاوتوێکردنی لێکەوتە ستراتیژییەکانی ڕێککەوتنی ئەمدواییەی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) و حکوومەتی سوریا.
بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی نزیک لە دەسەڵاتی تورکیا، ئەجێندای کۆبوونەوەکەی سبەی پڕ دەبێت لە دۆسیەی گەرم، تەوەری هەرە سەرەکییان تەرخان کراوە بۆ خوێندنەوەی وردی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار لەنێوان هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق. 

بڕیارە ئەندامانی کابینەکەی ئەردۆغان دواین پێشهاتە مەیدانییەکان و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە تاوتوێ بکەن و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی سنوورەکانی تورکیا هەڵبسەنگێنن.

هاوکات دۆسیەی ناوخۆیی و ئەو پڕۆژەیەی کە حکوومەت بە (پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر) ناوی دەبات، بەشێکی دیکەی گرنگی گفتوگۆکان دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، تیشک دەخرێتە سەر کارەکانی ئەو کۆمیسیۆنە پەرلەمانییەی کە راسپێردراوە بە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی گشتگیر دەربارەی ئەو چاکسازییە یاساییانەی کە پێویستن بۆ زەمینەسازیی پرۆسەی ئاشتی. 

چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا قۆناغەکانی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە و وردەکاریی پێشنیازەکان بۆ چارەسەری پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە توندوتیژییەکان، گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە دۆخی ناوچەکە بە گۆڕانکاریی خێرادا تێدەپەڕێت، لەلایەک تورکیا هەوڵدەدات لە ڕێگەی دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکانەوە و لەژێر ناوی پرۆسەی ئاشتی کۆتایی بە ململانێی چەکداری بهێنێت، لەلایەکی دیکەشەوە بە هەستیارییەوە دەڕوانێتە لێکنزیکبوونەوەی کوردانی ڕۆژئاوا و حکوومەتی سوریا، ڕێککەوتنی 10ـی ئادار کە خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق، وایکردووە ئەنقەرە بە ستراتیژییەت و سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا بچێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشهاتە نوێیەی لە سنورەکانی باشووریدا دروست بووە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل