بەڕێوەبەرایەتیی گشتی حەج و عومرە هۆشداری لە فێڵێکی نوێ دەدات

مەککەی پیرۆز
مەککەی پیرۆز

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا هۆشداری دەداتە تەواوی هاووڵاتییان کە نەچنە ژێر باری کاریگەریی ئەو ڕیکلامە سەرنجڕاکێشانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە، چونکە دیاردەیەک بەناوی حەجی بازرگانی سەریهەڵداوە کە ئامانج لێی تەنیا دەستبڕین و بردنەدەری پارەی هاووڵاتییانە و هیچ بنەمایەکی فەرمیی نییە.


کاروان ستونی، گوتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی کوردستان ڕوونیکردەوە،ماوەیەکە هەڵمەتێکی ڕیکلامی لە سۆشیاڵ میدیا و لەلایەن چەند کەسێکەوە لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم دەستیپێکردووە، بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە لە ڕێگەی سعودیەوە ڤیزایان وەرگرتووە و دەتوانن خەڵک ببەن بۆ سعوودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.

 بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکەی ناوبراو، تاکە ڕێگەی فەرمی بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج، تەنیا ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییەیە کە بە ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە و لە ڕێگەی تیروپشکەوە بۆ هەمووان ناوەکان دیاری کراون، بۆیە هەر ناوێک لە دەرەوەی ئەو سیستمە بە ناوی حەجی بازرگانی یان پشکی تایبەتـەوە بڵاوبکرێتەوە، دوورە لە ڕاستییەوە و تا ئێستا شتی وا بوونی نییە.

سەبارەت بە شێوازی کارکردنی ئەو تۆڕانە، گوتەبێژەکە ئاشکرای کردووە، بەشێکیان ژمارە تەلەفۆنی سعودیە بەکاردەهێنن تاوەکو متمانەی هاووڵاتییان بەدەستبهێنن و قەناعەتیان پێ بکەن، بەو پێیەی کۆنترۆڵکردنی ڕیکلامی سپۆنسەرکراو لە سۆشیاڵ میدیا ئاسان نییە، داوا لە هاووڵاتییان کراوە زۆر هۆشیار بن و پارەکانیان بەهەدەر نەدەن.

هاوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی داوە کە پاڵپشتیی تەواوی پرۆسەی حەجی فەرمی دەکات و هەر کەسێک تێوەبگلێت لە فێڵکردن لە هاووڵاتییان، لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکرێتەوە.

 بۆ کارئاسانیی زیاتر، بەڕێوەبەرایەتییەکە هێڵێکی گەرمی پەیوەندی بە ژمارە (٠٧٥٠٥٩٥٣٥٣٤) لە ڕێگەی واتسئەپەوە تەرخان کردووە، تاوەکو هاووڵاتییان لە کاتی بوونی هەر گومانێک یان کێشەیەکدا پەیوەندییان پێوە بکەن.


ساڵانە بەهۆی زۆریی ژمارەی خوازیارانی حەج و سنوورداربوونی پشکی هەرێمی کوردستان، کەسانێکی بەرژەوەندیخواز هەوڵدەدەن لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە سۆزی ئاینیی هاووڵاتییان بقۆزنەوە، ئەم هۆشدارییەش وەک هەنگاوێکی پێشوەختەیە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆکانی ساڵانی ڕابردوو کە تێیدا ژمارەیەک هاووڵاتی بەهۆی بەڵێنی ساختە و ڤیزای گەشتیارییەوە تووشی گرفت بوون و پارەیەکی زۆریان لەدەستدا.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل