لە دەوروبەری کۆبانێ، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا 21 داعش دەستگیرکران
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە هاوکاریی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی بەرفراوانیان دەستپێکرد و شانەکانی داعشیان لە ناوچەی فورات کردە ئامانج.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هێزە هاوبەشەکان لە چەند شارۆچکە و گوندێکی دەوروبەری کۆبانێ لە باکووری سووریا، دەستیان بە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکە کردووە، کە هەڵکوتانە سەر و پشکنینی وردی لەخۆگرتبوو.
هەڵمەتە ئەمنییەکە بووە هۆی دەستگیرکردنی 21 کەس بە گومانی ئەندامێتی یان هاوکاریکردنی شانەکانی داعش، سەرجەم دەستگیرکراوەکان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی ڕەوانەی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە کراون.
ڕوانگە ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە هەڵمەتەکان لە گوندی (قوبا جەعدە) لە گوندەکانی ڕۆژئاوای کۆبانێ و لە نزیک پردی (قەرەقوزەق) ئەنجامدراوە. هێزە ئەمنییەکان لە ئامادەباشییەکی زۆردا بوون و لە ناوچەکانی دەوروبەر جێگیر بوون.
ئەم هەڵمەتە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی هێزەکانی (هەسەدە) و ئاسایش دێت بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی شانەکانی داعش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان.
شەممەی ڕابردوو، سوپای ئەمەریکا کوژرانی دوو سەرباز و وەرگێڕێکی مەدەنی و برینداربوونی سێ کەسی دیکەی ڕاگەیاند، کە لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ سەرکردە ناوخۆییەکان و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە تیرۆر، لە نزیک پاڵمیرا لە ناوەڕاستی سووریا ڕووبەڕووی هێرشێکی چەکداریی داعش بوونەوە.
لە کاتێکدا داعش لە ڕێگەی پێگەکانییەوە بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لێدوانی لەسەر هێرشەکە داوە و ڕایگەیاندووە: "هێرشی تۆڵەسەندنەوە دژی داعش دەستپێدەکەین".
