کۆشکی شیرین، یادگاری عەشقێکی مێژوویی

کۆشکی شیرین، یەکێک لە شوێنەوارە دێرینەکانی شاری 'قەسری شیرین'ـی پارێزگای کرماشان، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریی ساسانی.

 شوێنەوارناسن دەڵێن ئەم کۆشکە لە لایەن خەسرەو پەروێزی ساسانی، بۆ شیرینی خۆشەویستی دروست کراوە؛ هەر بۆیە کۆشکەکە بە ناوی کۆشکی خەسرەویش دەناسرێ. 

کۆشکی شیرین، لە کەنار ڕووباری ئەڵوەن و لەسەر ڕێگەی قەسری شیرین بەرەو دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان هەڵکەوتووە و ناوە فەرمییەکەشی لە بەڵگەنامەکانی ئێراندا کۆشکی خەسرەو یا عیمارەتی خەسرەوە.

د. شارام پارسە، شوێنەوارناس، بە کوردستان24ـی گوت: بە گوێرەی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسان، ئەم کۆشکە، پێش 1800 ساڵ، لە لایەن خەسرەوی پەروێز، بۆ شیرینی ئەرمەنی، کە یەکێک بووە لە ژنە ئازیز و خۆشەویستەکانی خەسرەو، دروست کراوە.
ئەم شوێنەوارناسە، گوتیشی: کۆشکەکە، جگە لە ژوور و هەیوانەکانی، چەندان کۆگەی ئازووخە و تەویلەی ئەسپی تێدا بووە؛ لە پاینی کۆشکەکەشدا، شوێنی نیشتەجێبوونی خزمەتکاران و پاسەوانانی کۆشکەکە بنیاد نراوە.

بینای کۆشکی شیرین، لەسەر ڕووبەری 28 هەزار مەتر دووجا دروست کراوە. درێژیی کۆشکەکە 284 مەتر و پانییەکەی 98 مەترە. بیناکە لە چەند بەش پێک هاتووە. بەشی سەرەکیی کۆشکەکە لە دوو تەلاری گەورە پێک هاتبوو، تەلاری یەکەم بۆ پێشوازی و تەلاری دووهەمیش بۆ میوانداریی و دانیشتن بووە. لە پشتەوەش چەندین داڵانی درێژ و دەیان ژوور هەیە.

دیوارەکانی ئەم کۆشکە زۆر ئەستوورن و لە بەرد و قسڵ دروست کراون. لە ماوەی چەندین سەدەی ڕابردوودا بن میچی بیناکە ڕووخاوە و تەنیا دیوارە بەردینەکانی بەجێ ماون. ئەو دیوارانەی خەڵکی ناوچەکە دەڵێن هەم خۆشەویستییان لە خۆیاندا هەڵگرتووە و هەم مێژوویەتی پر لە سەروەری.

نیلووفەر کەرەمی، دانیشتووی قەسری شیرین، دەڵێت: هەر خشت و دیوارێکی ئەم کۆشکە، چیرۆکی عەشقی قووڵی نێوان خەسرەو و شیرینیان لە ناخی خۆیاندا پاراستووە.

کۆشکی شیرین 95 سال لەمەوبەر و لە ساڵی 1931دا لە ڕیزی شوێنەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە. سەرەڕای حەوت جار هەڵکۆڵینی چەندین تیمی پسپۆڕ لەم شوێنەوارە، شوێنەوارناسان پێیان وایە ئەوەی تا ئێستا لە ژێر خاک دەرکەوتووە تەنیا 40%ی بیناکەیە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل