پۆلیسی ئوسترالیا: داعشی فلیپین لە پشتی هێرشەکەی سیدنییە
ئەو دوو چەکدارەی هێرشیان کردە سەر ئاهەنگێڕانی کەناراوی 'بۆندای' لە سیدنی، لەوە دەچێت بیرۆکەی هێرشەکەیان لە 'داعش'ەوە وەرگرتبێت.
سێشەممە، 16ـی کانوونی یەکەم 2025، پۆلیسی ئوسترالیا ڕایگەیاند "دوو چەکدارەکە، مانگی پێشوو گەشتێکیان بۆ فلیپین کردبوو؛ ئێستا پۆلیس لێکۆڵینەوە لە ئامانج و هۆی گەشتەکەیان دەکات."
لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕێکخستنەکانی داعش لە باشووری فلیپین زۆر چالاک بوون، بەڵام پاش ئەوەی لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەوە زەبری گەورەیان بەرکەوت، ئێستا تەنیا ژماریەکی کەمیان بە شێوەی نهێنی، لە دوورگەی مێنداناو، ماونەتەوە.
کریسی بارێت، کۆمیساری پۆلیسی ئوسترالیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: بەڵگە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەوانە، بیرۆکەی هێرشەکەیان لە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە وەرگرتبێت.
لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ لە مانێللا، ڕایگەیاند ئەو کوڕ و باوکە، بە درێژای مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو لە فلیپین بوونە؛ باوکەکە، وەک 'هاووڵاتییەکی هیندی' هاتووەتە فلیپین.
دانا ساندۆڤاڵ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچی فلیپین، گوتی: ساجد ئەکرەم، تەمەن 50 ساڵ وەک هاووڵاتییەکی هیندی و نەڤید ئەکرەم، تەمەن24 ساڵ، وەک هاووڵاتییەکەی ئوسترالی لە 1ـی تشرینی دووەمی ڕابردوو گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی مانێلا و ڕۆژی 28ی هەمان مانگ، فلیپینیان بەجێ هێشتووە.
یەکشەممەی ڕابردوو، دوو چەکدار، کە باوک و کوڕ بوون، بە ناوەکانی ساجد ئەکرەم و نەڤید ئەکرەم، تەقەیان لە ئاهەنگێڕانی جەژنی (حانوکا)ی جووەکان لە کەناراوی 'بۆندای' ی لە سیدنی کرد و لە ئەنجامدا 15 کەسیان کوشت و ژمارەیەکیشیان بریندار کرد.
دواتر، ساجد بە گولـلەی پۆلیسی ئوسترالیا کوژرا و نەڤیدیش پاش برینداربوونی، دەستگیر کرا.
