کەنەدا سزای بەسەر ژمارەیەک فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران سەپاند

حکوومەتی کەنەدا، پاکێجێکی نوێی سزای بەسەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپاند، کە تیایدا چوار بەرپرسی باڵا کراونەتە ئامانج و دووانیان پلەداری باڵای سەربازین لە سوپای پاسداران.

ئانیتا ئاناند، وەزیری کاروباری دەرەوەی کەنەدا، ئەمڕۆ ڕایگەیاند وڵاتەکەی سزای نوێی بەسەر چوار کەسایەتیی ئێرانییدا سەپاندووە، ئەمەش لە چوارچێوەی "ڕێساکانی ڕێکارە ئابوورییە تایبەتەکان" پەیوەست بە ئێران.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوە، ئەم چوار کەسە کە پلەی باڵایان لە ناو حکوومەتی ئێراندا هەیە، تێوەگلاون لە "پێشێلکاریی سیستماتیک و گەورەی مافەکانی مرۆڤ" و ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە ئاراستەکردن و جێبەجێکردنی سیاسەتە سەرکوتکارییەکان، ئەو چوار کەسەی سزاکانیان گرتووەتەوە بریتین لە، موحسین کەریمی، ئەحمەد خادم سەیدولشوهەدا، موستەفا موحێبی و حەسەن ئەخەریان

ئەمە 18هەمین خولی سزاکانی کەنەدایە دژ بە بەرپرسان و دامەزراوەکانی ئێران لە تشرینی یەکەمی 2022ەوە. ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ سەرکردایەتیکردنی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن کەنەداوە سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، کە ماوەی 23 ساڵە بەردەوامە.

کەنەدا جەختی کردەوە، بێدەنگ نابێت لە ئاست پشتگوێخستنی مافەکانی گەلی ئێران لەلایەن حکومەتەکەیانەوە و داوای کرد تاران لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکان بکات و دادپەروەری بۆ قوربانییان دەستەبەر بکات.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل