سەرۆکی حکوومەت 335 ملیۆن دیناری بۆ چەمچەماڵ تەرخان کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە مەراسیمی ڕۆژی ئاڵا لە ناحیەی تەکیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، چەند بڕیارێکی بۆ پشتیوانی ناوچەکە ڕاگەیاند.
وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند: "بە پشتیوانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتیی 335 ملیۆن دینار وەک بودجەی فریاکەوتن و پێداویستی بۆ پەروەردەی چەمچەماڵ دابین کراوە."
وردەکاری خەرجییەکە بەم شێوەیەیە:
130 ملیۆن دینار بە شێوەی نەختینە (کاش) دراوەتە پەروەردەی سلێمانی بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکان.
100 ملیۆن دینار بۆ دابینکردنی ئەو کەلوپەلانەی کە پەروەردەی چەمچەماڵ داوای کردبوون.
101 ملیۆن دینار بۆ دابینکردنی 85 هەزار کتێبی نوێ و 2 هەزار جانتا و پێداویستی نووسین (پەڕاوگە).
سەبارەت بە پڕۆژەکانی پێشووی سلێمانی، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە دا کە لە ساڵی 2022ـەوە ڕەزامەندی بۆ خەرجکردنی زیاتر لە 5 ملیار دینار دراوە بۆ نۆژەنکردنەوە و دروستکردن و تەواوکردنی قوتابخانەکانی سنووری سلێمانی و داوای لە ڕۆژنامەنووسان کرد بەدواداچوون بکەن بزانن چەن لەو بڕە خەرج کراوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئالان حەمەسەعید گوتی: "بڕیارمانداوە سوپاس و پێزانینی فەرمی ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایانی چەمچەماڵ بکەین بۆ ئەو دڵسۆزییەی لە کاتی لافاوەکەدا نواندیان."
سەبارەت بە بودجەی پەروەردەش گوتی: "لە پشکی هەولێر و دهۆک، ڕێژەی 2%ـمان بۆ گەرمیان و هەڵەبجە زیاد کردووە، بەمەش پشکی گەرمیان لە 4%ـەوە بۆ 8% بەرزبووەتەوە و بودجەی هەر پارێزگایەکمان ناردووەتەوە بۆ پارێزگاکەی خۆی تا خەرجی بکەن."