فەرەنسا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات عێراق جێبهێڵن

هۆشدارییەکی بەپەلەیان ئاراستەی هاووڵاتییانی فەرەنسا کردووە و داوایان لێدەکەن بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە عێراق جێبهێڵن؛ داواش دەکات ناوی خۆیان لە تۆماری کونسوڵگەری و ماڵپەڕە فەرمییەکان نوێ بکەنەوە

شەممە 7ـی ئاداری 2026، باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق و کونسوڵخانەی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان داوە، بەهۆی هەڵکشانی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکە، بە فەرمی ئامۆژگاری هاووڵاتییانی فەرەنسا دەکەن کە گەشت بۆ عێراق نەکەن. هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئاسمانی عێراق لە ڕێکەوتی 28ی شوباتەوە داخراوە تاوەکوو کاتێکی نادیار.

باڵیۆزخانەکە داوا لەو هاووڵاتییە فەرەنسییانە دەکات کە ئێستا لە عێراق نیشتەجێن یان بە سەردان هاتوون، وڵاتەکە جێبهێڵن. جەختیشی کردووەتەوە کە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر ئامادەن بۆ هەر ڕاوێژ و هاوکارییەک.

هەروەها داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە ناوی خۆیان لە تۆماری کونسوڵگەری و ماڵپەڕە فەرمییەکان نوێ بکەنەوە و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییە فەرمییەکانیانەوە ئاگاداری دواین زانیارییەکان بن.