پێشمەرگە بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵاوە خوێن بە نەخۆشانی تالاسیمیا دەدەن
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر: خوێنبەخشینی پێشمەرگەکانمان بە نەخۆشانی تالاسیمیا، بەخشینی خوێنە بە کورد و کوردستان
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر، لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان و هەڵمەتی خوێنبەخشین بەمبۆنەیەوە، دەڵێت: ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویی و پیرۆزە بۆ گشت خەڵکی هەرێمی کوردستان، برا پێشمەرگەکانمان بە بەخشینی خوێن بە نەخۆشانی تالاسیمیا، ئەم ڕۆژەیان پیرۆزتر کرد.
چوارشەممە 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، هەڵمەتێکی خوێن بەخشین بە نەخۆشانی تالاسیمیا لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگە و هاووڵاتییان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لە هەڵمەتەکەدا دکتۆر دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر، بۆ کوردستان24 گوتی:"ئەمڕۆ ڕۆژێکی پیرۆزە بۆ گشت هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، پیرۆزی ئەم ڕۆژە بە بەخشینی خوێن لە لایەن برا پێشمەرگەکانمانەوە بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا زیاتر بووە، چونکە ئەم نەخۆشانە زۆر جار بۆ دەستکەوتنی خوێن تووشی گرفت دەبن.
گوتیشی: ئەوەی ئەمڕۆ پێشمەرگەکانمان کردیان، بەخشینی خوێنی خۆیان بوو بە کورد و کوردستان.
لە بارەی دابینکردنی پێداویستی پزیشکی لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، گوتی:"بە گوێرەی ئەو بودجەی حاکیمەییەی کە هەیە، دەبێت سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەکو پارێزگاکانی دیکەی باشوور و ناوەڕستی عێراق بە بێ جیاوازی، دەرمان و پێداویستی پزیشکیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت بە گوێرەی پێویست نییە، یان کوالێتی باش نییە و بۆ بەکارهێنان گونجاو نییە".
دکتۆر دلۆڤان محەممەد گوتی" بۆیە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بودجەیەکی تایبەت بە نەخۆشانی تالاسیمیا دابینکراوە، ئەمەش وایکرد ئەو بۆشاییەی کە هەبوو پڕ بکرێتەوە لە پێداوستی و چارەسەری پزیشکی.
لە بارەی چارەسەری نەخۆشانی تالاسیمیا، بەرێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر، گوتیشی:" سەرەڕای هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی هەبووە، لە سەر ڕاسپارەدی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 130 نەخۆش نەشەرگەری چاندنی مۆخیان بۆ ئەنجام دەدرێت، ئەمەش کارئاسانی دەکات بۆ کەرتی تەندروستی بە دابین کردنی خوێن و پێداویستی، هاوکات ئەو کەسانەیشی کە چارەسەریان بۆ دەکرێت لە نەخۆشی تالاسیمیا بە تەواوی ڕزگاریان دەبێت و جارێکی دیکە پێویستیان بە خوێن نابێت.
هەر لە بارەی هەڵمەتەکەی پێشمەرگە بۆ خوێنبەخشین، عەبدوڵڵا مزوری، سەرۆکی ڕێکخراوی بارس بۆ خوێنبەخشین، بە کوردستان24ـی گوت:"بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، بە ئەرکی خۆمان زانیوە بە بەخشینی خوێن خزمەتی خاک و وڵاتمان بکەین.
گوتیشی:"هەموو مانگێک هەڵمەتێکی لەم شێوەیە ئەنجام دەدەن، ئامانجیشمان دابینکرنی خوێنە بۆ ئەو کەس و نەخۆشانەی کە پێویستیان بە خوێن هەیە بە تایبەت نەخۆشانی تالاسیمیا، ئاماژەی بەوەشکردووە، مانگانە نزیکەی 200 یەکەی خوێن لە ڕێگەی ڕێکخراوەکەیانەوە دەبەخشنە بانکی خوێن بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی.
ئەندامێکی هێزەکانی پێشمەرگە، بە کوردستان24ـی گوت، وەکو چۆن هەمیشە بە خوێن پارێزگارییمان لە خەڵک و خاکی کوردستان کردووە، ئێستاش لەم ڕۆژە پیرۆزەدا بە خوێن بەرگری لە خەڵکی خۆمان دەکەین و هەمیشە لەگەڵیان دەبین.
17ـی کانوونی یەکەم، ڕۆژی ئاڵای کوردستانە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و لای هاووڵاتیان ئەم ڕۆژە بەرز و پیرۆز ڕادەگیرێت.
بەم بۆنەیەوە بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە لە ناوەندەکانی خوێندن تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەر لە چوونە هۆڵی تاقیکردەوەکان، کاتژمێرێک تەرخانکراوە و چەند چالاکییەک بۆ بەرز ڕاگرتنی ئاڵای کوردستان بەڕێوەدەچن.
یەکێک لە چالاکییەکان کە ئەمڕۆ بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستانەوە ڕێکخرابوو، هەڵمەتی بەخشینی خوێن بوو بە نەخۆشانی یالاسیمیا لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.
