هەولێر، سێیەمین فێستیڤاڵی ڕامان بەڕێوە دەچێت
لەهەولێر، سێیەمین فێستیڤاڵی ڕامان، لەژێر دروشمی 'ناسنامەی کوردی لەژێر درووشمی دیجیتاڵیدا' دەستی پێ کرد، کە جگە لە وتار و دۆکۆمێنتاری، کۆمەڵێک پانێڵ و دیدار و چالاکیی کولتووری تێدا ساز دەکرێت و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
چوارشەممە، 17ی کانوونی یەکەمی 2025، ئازاد عەبدولواحید، سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان، لەچوارچێوەی سێیەمین فێستیڤاڵی ڕامان، گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: لە هەردوو فێستیڤاڵەکەی پار و پێرار، دوو تەوەری گرنگمان ورووژاند، یەکەمیان 'کورد و سیاسەتی کولتووری' ئەوی دیکەیان 'ئەدەبیات و زمان لە ئێستا و ئاییندە' بوون، کە بە تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکردەوە گرێدرا، مایەی خۆشحاڵیمە ئەو دوو ساڵە بینیمان ئەو دوو تەوەرە، بوونەتە جێگەی بایەخی ناوەندەکانی کولتوور و زانکۆکانی کوردستان و خەریکن ووردە ووردە کاریان لەسەر دەکەن.
سەرنووسەری ڕامان، گوتیشی: ئێمە لە مێژە هەوڵمان داوە و ئێستاش هەوڵ دەدەین لەهەموو کایەکانی فەرهەنگ و ئەدەبیات و هونەر بەرەو کوردێنی بگەڕێینەوە و ناسنامەی کوردیمان لەهەموو ئەو کایانەدا تۆخ بکەینەوە، ئێمە لە سۆنگەی هەستکردنمان بە هەڕەشە لەسەر ناسنامەمان، بەتایبەتی بەهۆی شاڵاوی تەکنەلۆژیا و دیجیتاڵەوە، مەترسی کاڵبوونەوە و لاوازبوون، تەنانەت ڕاماڵین سڕینەوە و کەوتنە ژێر دەستووری کولتوورە بەهێزەکان و هێرشی بێبەزەییانەی تەکنەلۆژیا و دیجیتاڵ لەلامان چەکەرەی کردووە.
ئازاد عەبدولواحید، لەدرێژەی گوتارەکەیدا گوتی: دەپرسین خوێنەرانی ئەمڕۆی کورد بە گەنج و پیریانەوە، بەهۆی پێشکەوتنی ڕاگەیاندن و ئینتەرنێتەوە، چەند ئاگایان لەزمان و کولتوور و مێژووی خۆیانە؟ ئایا بەهۆی زمانی بێگانەوە، کە گوشارێکی زۆری بۆ سەر زمانی دایک هێناوە، چەندە بایەخی زمانی دایکی کاڵ کردووەتەوە؟
سەرنووسەری ڕامان، گوتیشی: ڕەوکردن بۆ دەرەوەی وڵات، چەند ناسنامە کوردیەکەی بەهێز یان لاواز دەکات؟ توخمە گرنگ و بنەڕەتییەکانی ناسنامەی کوردی کە پێش هەر شتێک زمانەکەمانە، هەر ئەو زمانە وەک کۆڵەکەیەک، کەلەپوورێکی زەنگین و دەوڵەمەندی پێ نووسراوە کە تا ئەمڕۆ ناسنامەی کوردی بەپێوە هێشتووەتەوە؛ ئەگەرچی زمانەکە یەکگرتووش نییە، بەڵام ئەمڕۆ پەرتوبڵاویی کورد گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر ناسنامەی کوردی کە ململانێیەک لەنێوان ناسنامەی لۆکاڵی و ناسنامەی نەتەوەیی دەخوڵقێنێ، جگە لەو هەڕەشەیە، هۆکاری دیکەش زۆرن کە ناسنامەی کوردیمان لاواز دەکەن، لەوانەیە فەرامۆشکردنی زمانەکە لەلای خۆمان و قەدەغەکردنی زمانی کوردی لەلای ئەوان، لاوازکردن و سڕینەوەی دابوونەریتە.
عەلی دەسماڵی، نووسەر، دەربارەی سێیەمین فێستیڤاڵی ڕامان، بۆ کوردستان24 گوتی: گۆڤاری ڕامان، یەکێک لەو گۆڤارانەیە، کە لەمێژووی ئەدەبی کوردیدا ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە؛ ڕامان توانی وەکو ماڵێک، نووسەری شوێن و ناوچەکانی تریش لەخۆیدا کۆ بکاتەوە بە چیرۆکنووس و شاعیر و چەندانی تر. ڕامان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆڵێکی زۆر جددی هەیە، توانی نووسەرانی ئێمە هان بدات بەرهەمی خۆیان بنووسن و لە ڕامان بڵاوبکرێتەوە، ڕامان کاروانێکی درووست کرد لەناو ئەدەبی کوردیدا، یەکێک لەلایەنە دەگمەنەکان ئەوە کە تا ئێستا ئەو گۆڤارە تووشی پچڕان نەبووە، ئەوەی گۆڤار بێت لەناو ئەدەبی کوردیدا، چەند ساڵێک کاری کردووە و داخراوە، بەڵام ڕامان تا ئێستا بێ دابڕان هاتۆتە پێشەوە و بەردەوامە.
دڵزار حەسەن، نووسەر، دەربارەی سێیەمین فێستیڤاڵی ڕامان گوتی: ڕامان گۆڤارێکە تایبەتمەندی کولتووری خۆی هەیە، چونکە توانیوێتی بەدرێژایی کارکردنی 30 ساڵەی خۆی، کۆمەڵێک نووسەری جددی هەر چوارپارچەی کوردستان لەخۆی کۆ بکاتەوە، کاری لەسەر سیاسەتی کولتووری کردووە، وە توانیوێتی پارێزگاری لە زمان و ناسنامە و کولتوور بکات، وە خزمەت بە ئەدەبیاتی کوردی بکات، بۆیە ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە خزمەتێکی باش بە ناسنامەی کوردی دەکەن. هەروەها ئێمە نابێت مێژووی خزمەتی گۆڤاری ڕامان لەبیر بکەین بەتایبەت ئازاد عەبدولواحید، کە بەردەوام کاری لەسەر پاراستنی ناسنامە و کولتووری کوردی کردووە و من زۆر بە مەزنی سەیری ئەو گۆڤارە دەکەم، ئێمە کە لێرە بەشدارین بۆ ئەوەی ئەدیب و نووسەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان ببینین و ئاشنای یەکتر بین.
بێکەس حەمە قادر، شاعیر، دەربارەی سێیەمین فێستیڤاڵی ڕامان گوتی: گۆڤاری ڕامان کە 30 ساڵی تێپەڕاند، یەکێک لەو گۆڤارە ئەدەبی و ڕۆشنبیرانەیە، هێزەکەی لەوادایە کە جگە لەبواری ئەدەبی، خۆی لەبابەتی سیاسی و حزبی نەداوە و خۆی پاراستووە، توانیوێتی گۆڤاری هەمووان بێت، قەلەمی باش لەو گۆڤارە دەنووسێت، من ئەو گۆڤارە بە گۆڤارێکی سەنگین دەزانم، ئومێد دەکەم لەسەر ڕێچکەی خۆی بەردەوام بێت، هێزی ڕامانیش لەوەیە کە تاکەی بەردەوام دەبێت، من زۆر ئاسوودەم بە گۆڤاری ڕامان، کە گۆڤارەکە دەخوێنرێتەوە، گۆڤاری ماڵانە، گۆڤاری نووسەرانە، گۆڤاری ئەو قەڵەمانەیە کە سەنگینن، هی قەڵەمی ناسەنگین نییە و گۆڤارەکە خۆی لەو جۆرە قەڵەمە ناسەنگینانە پاراستووە، من پیرۆزبایی لە گۆڤاری ڕامان دەکەم و ئومێد دەکەم بەردەوام بن.
جێگەی ئاماژەیە، ڕامان گۆڤارێکی مانگانەی ڕۆشنبیریی گشتییە کە لە پێنجی ھەموو مانگێک دا لە شاری ھەولێر لە چاپ دەدرێت. یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ڕامان ساڵی 1996 دەرچووە.
