هەولێر، فیلمی سینەمایی "گەڕان بەدوای شوناسدا" نمایشکرا
بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر، لەدەستپێکی وەرزی زستانەیدا، لەچوارچێوەی پڕۆژەی "سینەما و جەماوەر" لەنمایشێکی تایبەتدا، فیلمی سینەمایی "گەڕان بەدوای شوناسدا" کە لەدەرهێنانی ئاوات حوسێنە، لە هەولێر لە ئێمپایەر سینەما نمایشکرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئاوات حوسێن، دەرهێنەری فیلم، دەربارەی نمایشکردنی فیلمەکەیان لەهەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو فیلمە باس لەچەند کوڕێک دەکات کە گەشت لە کەلارەوە بەرەو دەرەوەی وڵات دەکەن، بەڵام لە ئەوروپا دووچاری نەهامەتی و دیپۆرتکردن دەبنەوە و دەگەڕێنەوە، فیلمەکە باس لە گەنجی ئەو سەردەمە دەکات کە کۆچ دەکەن بەرەو دەرەوەی وڵات، لەوێ دووچاری چ کێشەیەک دەبنەوە، کە لەخەیاڵی خۆیان وا هەست دەکەن ئەوروپا بەهەشتێکە کە دەوانن خەونەکانیان تێدا بەدیبێنن، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە، لە فیلمەکە زۆر بەڕوونی باسی ئەو کیشانە دەکەین کە گەنج دووچاری دەبێتەوە لەکاتی کۆچکردنیدا، هیوادارم ئەوە پەیامێکی ڕوون بێت بۆ گەنجانی ئێستا و بەهیچ شێوەیەک بیر لەو جۆرە کۆچکردنە نەکەنەوە.
شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر، دەربارەی چالاکییەکانیان و نمایشکردنی فیلمی "گەڕان بەدوای شوناسدا" لە هەولێر ڕایگەیاند: "ئەم فیلمە بەشێکە لە پڕۆژەی 'سینەما و جەماوەر'. ئێمە وەرزی زستانەی چالاکییەکانمان دەستپێکردووە و بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای هەولێر بە هاوکاریی پارێزگای هەولێر، هەموو هەفتەیەک لە 'ئێمپایەر سینەما' درێژە بەم چالاکییانە دەدات."
ئاماژەی بەوەشکرد، جەماوەر و دۆستانی سینەما دەتوانن هەموو هەفتەیەک بەبێ بەرامبەر ئامادەی بینینی فیلمە سینەماییەکان بن.
