بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی باشترین هاندەر کونسوڵخانەی ئەمەریکا پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ دەکات
کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا، لە ڕاگەیەنراوێکدا پیرۆزبای لە هاندەرانی یانەی زاخۆ دەکات و هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، جامی جیهانی فیفا بۆ ساڵی داهاتوو دەبێتە گەورەترین بۆنەی وەرزشی و 11 ویلایەتی ئەمەریکا میوانداریی دەکات.
چوارشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا پیرۆزبایی لە هاندەرانی یانەی وەرزشی زاخۆ کرد، بە بۆنەی بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەری ڕێکخراوی فیفا بۆ ساڵی 2025.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، جامی جیهانیی فیفا لە ساڵی داهاتوو دەبێتە گەورەترین بۆنەی ڕێکخراوەکە لە مێژوودا و 48 هەڵبژاردەی وڵاتان بەشداری تێدا دەکەن، لەم جامەدا 11 شاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا میوانداریی 78 یاری دەکەن و یاری کۆتایی جامەکەش لە یاریگای جێرسی (MetLife) لە نیویۆرک دەبێت.
کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا، باسی لەوە کردووە، ئەم بۆنە مێژووییە، هاوکاتە لەگەڵ 250 مین ساڵیادی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ نیشاندانی گەرموگوڕی و میوانداریی شاهانە و نایابی وەرزشی ئەمەریکی.
دوێنێ سێشەممە، 16 کانوونی یەکەمی 2025، فیفا لەسەر پێگەی فەرمی خۆی رایگەیاند، هاندەرانی زاخۆ زۆرترین دەنگیان لەسەر ئاستی جیهان بەدەست هێناوە و بە باشترین هاندەری ساڵ دیاری كران.
لەم بارەیەوە فیفا نووسیویەتی: هاندەرانی یانە عێراقییەکە سەرنجی جیهانیان ڕاکێشا کاتێک پێش یاریی یانەکەیان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە ڕۆژی 13ـی ئایاری ئەمساڵ لەنێو یاریگەی خۆیان بەرانبەر یانەی 'حدوود' یاریگەیان پڕ كرد لە بووكەڵە، ئەم كارەش لووتكەی مرۆڤایەتی بوو كە پێشكەش بە منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە، کرا.
لە بەیاننامەكەی فیفادا هاتووە: "فڕێدانی بووكەڵە بۆ دڵخۆشكردن و پاڵپشتیكردنی منداڵان، ئاستبەرزیی ڕۆشنبیری كۆمەڵگەی وەرزشی كوردستان و عێراق و ئاسیا نیشان دەدات، هاندەران لە جیهان بڕبڕەی پشتی تیپەكانن، بۆیە بەردەوام هاندەران نماییش و داهێنانی سەرنجراكێش بۆ سەركەوتنی تۆپی پێ دەكەن.
خەڵاتی هاندەرانی فیفا لە ساڵی 2016 دەستی پێ کردووە و كە تێیدا ئەو هاندەرانە بەربژێر دەكرێن كە كاری ناوازە و مرۆڤایەتیان كردووە، ئەمساڵ زاخۆ بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە بەسەر هاندەرانی ئەرجەنتینی و ئیسپانییادا سەركەوت و خەڵاتی 'زە بێستی' 2025ـی بردەوە.
