یەکلاییکردنەوەی سەرۆکی پەرلەمان بە نادیاریی ماوەتەوە
بڕیارە ڕۆژی 29ـی ئەم مانگە، یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و دوو جێگرەکەی بەڕێوەبچێت، بەڵام تا ئێستا هێزە سوننییەکان کە بەپێی عورفی سیاسی ئەو پۆستە پشکی ئەوانە، نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.
سەرەڕای پێکهێنانی ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی لەنێوان سوننەکان، بەڵام لایەنەکان ناکۆکی قووڵیان لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هەیە و هەرلایەنێک کار بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دەکات.
محەممەد دووری، ئەندامی حزبی تەقەدووم کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتی دەکات، لەبارەی دیاریکردنی کەسێک لەنێو سوننەکان ڕایگەیاندووە، گفتوگۆی نێوان لایەنەکان لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە، هێشتا لە قۆناغی سەرەتایی دایە و ئەو پرسە پێویستی بەکاتی زیاترە بۆ ئەوەی هەمووان بگەنە ڕێککەوتن، هەروەها گفتوگۆکانی ئێستا بۆ لێکنزیکردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان و چارەسەری خاڵە ناکۆکەکانە.
هەریەک لە محەممەد حەلبووسی، موسەننا سامەڕایی، هەیبەت حەلبووسی، مەحموود ئەلقەیسی و سابت عەباس لەنێو لایەنە سوننەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندید کراون، سەبارەت بەوەی ئایا سوننەکان بەر لە بەڕێوەچوونی یەکەمین کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر کاندیدێک ڕێک دەکەون، ئەو ئەندامەی حزبی تەقەدووم ئاماژەی بەوەداوە، هەمووان پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن، کە دەبێت بە ڕێککەوتنەوە بەشداری لە یەکەمین کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن و کاندیدێک پێشکەش بکەن، کە هەموو لایەنەکان لەسەری هاوڕابن.
لەلایەکی دیکەوە محەممەد دەحام، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم بەسەرۆکایەتی موسەننا سامەڕایی ڕایگەیاندووە، جیاوازی بۆچوونی لایەنەکان لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەڕوونی لەنێوان لایەنەکان هەستی پێدەکرێت، هەربۆیە سەختە بەر لە هاتنی وادەی یەکەمین کۆبوونەوەی پەرلەمان، ئەم ناکۆکییانە کۆتاییان پێبێت و لایەنەکان لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێککەون.
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی عەزم ئاماژەی بەوەداوە، ئەو بژاردانەی لایەنەکان هەیانە، وادەکەن لایەنە سیاسییەکان بە چەند کاندیدێک بەشداری لە یەکەمین کۆبوونەوەی پەرلەماندا بکەن، هەروەها ڕەنگە بە دوو کاندید بەشداری بکەن، ئەگەر بەر لە وادەی کۆبوونەوەکە نەگەیشتنە ڕێککەوتن.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی لە دوای پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، دەبێت لە ماوەی 15 ڕۆژدا هەڵبژێردرێن و دواتر لەماوەی 30 ڕۆژدا سەرۆک کۆمار هەلدەبژێردرێت و سەرۆک کۆماریش لە ماوەی 15 ڕۆژدا سەرۆک وەزیران ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
