پەرلەمانی تورکیا هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەکات

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ کۆمیسیۆنی ئاشتی تایبەت بە دواهەمیین هەنگاوەکانی پرۆسەکە کۆدەبێتەوە و تاوتوێی ڕاپۆرتی کۆتاییە کە کۆمیسیۆن ئامادەی دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2025، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و کۆمیسیۆنی ئاشتی پەرلەمان تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی و هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەکە، لەگەڵ بریکاری سەرۆک فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا و نوێنەری لایەنەکان لە کۆمیسیۆنی هاودەنگی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی کۆدەبێتەوە.

میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات بڵاویانکردووەتەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتی دەبێت لە تاوتوێ کردنی ئەو راپۆرتەی کە کۆمیسیۆنەکە ئامادەی دەکات تایبەت بە چاکسازییە یاساییەکانی پرۆسەی ئاشتی کە بەزەمینەی یاسایی پرۆسەکە ناوزەند دەکرێت. 

ئەمە هاوکاتە شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی دەستی بە گەڕێکی نوێی سەردانیکردنی لایەنەکان کردووە و بڕیارە پەیوەست بە چاکسازییە یاساییەکان رۆژی 20ی ئەم مانگە لەگەڵ سەرکردایەتی ئاکپارتی کۆببێتەوە.

هەینی 21ـی تشرینی دووەمی 2025، پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی کۆی ئەندامانی کۆمیسیۆنی هاودەنگی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بڕیاریدا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن لە دوورگەی ئیمراڵی.

لە کۆمیسیۆنەکەدا 32دەنگی بەڵێ، 3 دەنگی بێلایەن و 2 دەنگی نەخێر هەبوون.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل