فۆرمی داواکاریی پێکهێنانی هەرێمی بەسرە کارا کرا

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، پاڵپشت بە ماددەی 2ـی یاسا ، فۆرمی داواکاریی پێکهێنانی هەرێمی بەسرەی کارا کرد. 

پێنجشەممە، 18ـی کانوونی یەکەم 2025، حەیدەر محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی بەسرە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ماددەی 2ـی یاسا، تەنیا ئەم دوو لایەنە مافی پێشکەشکردنی داواکاریی فەرمی و ڕاستەوخۆیان بۆ پێکهێنانی هەرێمەکان هەیە، ئەوانەش بریتین لە: 
1-ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە ڕێگەی داواکارییەکەوە کە لەلایەن یەک لەسەر سێی ئەندامانەوە پێشکەش کرابێت.

2-دەنگدەران، لە ڕێگەی داواکارییەکەوە کە لەلایەن 'یەک لەسەر دە' ـی دەنگدەرانی پارێزگاکەوە پێشکەش کرابێت.

حەیدەر محەممەد، ڕوونیشی کردەوە "ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک قەوارەیەکی مەعنەوی، سیفەتی فەرمییان نییە بۆ پێشکەشکردنی ئەم داواکارییە بە ناوی خۆیانەوە، بەڵام ئەندامەکانیان وەک دەنگدەر، دەتوانن بەشداریی داواکارییەکە بکەن."

بەڕێوەبەری نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی بەسرە، ئاماژەی بەوەش کرد "یاسا لە ماددەی (4)دا ڕێڕەوەکەی کێشاوە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی داواکاریی لەلایەن 10%ـی دەنگدەرانەوە بۆ نووسینگەی کۆمیسیۆن لە پارێزگاکە، بە مەرجێک شێوەی ئەو هەرێمەی دەیانەوێت پێکی بهێنن, لەخۆ گرتبێت".

حەیدەر محەممەد، گوتیشی: کۆمیسیۆن لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا داواکارییەکە بڵاو دەکاتەوە، دواتر تۆماری خواستەکان بۆ ماوەیەک 'کە لە مانگێک کەمتر نەبێت' دەکاتەوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی دیکە کە مەرجی دەنگدانیان تێدایە، لە تۆمارێکی ئامادەکراودا بۆ ئەو مەبەستە، واژۆی بکەن، تا ڕێژەی 10%ی داواکراوی یاسایی تەواو دەبێت بۆ گواستنەوە بۆ قۆناغی ڕاپرسی.

بەڕێوەبەری نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی بەسرە، ڕوونیشی کردەوە "ڕۆڵی ڕێکخراوەکان لە سنووری کۆکردنەوەی خەڵک و نوێنەرایەتی یاسایی تاکەکاندا کۆتایی دێت، لەکاتێکدا ڕێکارە فەرمییەکانی وەک دەنگدان و واژۆکردنی تۆمارەکان و ڕاپرسی، بەپێی ماددەی (10) تەنها لە دەسەڵاتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندایە، لەگەڵ ئەوەشدا وردبینی لە ناسنامە و تۆمارەکان دەکات".

حەیدەر محەممەد، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: کۆمیسیۆن فۆرمی دابین کردووە بۆ کۆکردنەوەی واژۆی 2%ـی دەنگدەرانی پارێزگای بەسرە، و دوای وردبینیکردنیان، و لە حاڵەتی ڕاستبوونیاندا، ناوەندەکانی تۆمارکردن دەکرێنەوە بۆ وەرگرتنی داواکاری 10%ـی دەنگدەران.

بەڕێوەبەری نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی بەسرە، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: دوای وردبینیکردنی ڕاستی و دروستی داواکارییەکان، داواکارییەک بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەکرێتەوە بۆ دیاریکردنی وادەی ڕاپرسی لەسەر پێکهێنانی هەرێمی بەسرە.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل