دەم پارتی: سەرکۆنەی ئەو بێڕێزییە دەکەین کە بەرانبەر لەیلا زانا کرا

کاردانەوەکان دژی سووکایەتیکردن بە لەیلا زانا بەردەوامە و دەم پارتی ڕایگەیاند، داوا لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین ڕێککاری پێویست بگرنەبەر.

ئەمڕۆ هەینی، 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ڕاگەیەنراوێکی نارەزایی لەبارەی ئەو بێرێزییانە دەرکردووە کە لە بەرانبەر لەیلا زانا بەکارهێنراوە و بە توندی سەرکۆنەی ئەو بێرێزییانە دەکات کە لەیلا زانای کردۆتە ئامانج.

دەم پارتی داوا لە وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکات لێکۆڵینەوە لەو کردەوەیە بکەن و ئەم زمانە ژەهراوییە کە لە یارییەکی تۆپی پێدا بەکارهێندراووە، دەربڕینی عەقڵیەتێکی ڕەگەزپەرستی و فاشیستە. 

هەروەها لە ڕاگەیەنراوەکە دا هاتووە، دوایین نموونەی بێرێزییەکانی بەرانبەر لەیلا زانا بە ڕوونی نیشان دەدات کە تورکیا بەپەلە پێویستی بە یاسادانان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە و پێویستە سزای تاوانکاری لە بەرانبەر قسەی بێرێزی و سوکایەتی کردن کە دەکەوێتە دەرەوەی سنووری ئازادی ڕادەربڕین زیاتر بکرێت. 

ئەمە لە کاتێکدایە لەیارییەکی نێوان بورسا سپۆر و سۆما سپۆر، هاندەران هوتاف و وشەی نەشیاوییان بەرانبەر سیاسستەمەداری دیاری کورد لەیلا زانا بەکار هێنا و کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

هەر لە بەرانبەر ئەم کردەوانەی یانەکە، ژمارەیەک پەرلەمانتار و سیاستمەدار، بە توندی سەرکۆنەیان کرد و داوایان کرد، هەرچی زووە ئەم زمانە زبر و توندە بنبڕ بکرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل