نێچیرڤان بارزانی بۆ بەرهەم ساڵح: هیوای سەرکەوتنتان لەم ئەرکە جيهانى و مرۆییيهدا بۆ دەخوازم
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی وەرگرتنی پۆستى کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) لە بەرهەم ساڵح دەکات و دەشڵێت، مایەی شانازییە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق کە بهڕێزيان سەرپەرشتیی یەکێک لە گرنگترین دۆسیە مرۆیییەکانی جیهان دەکات.
ئەمڕۆ هەینی 19-12-2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا بەبۆنەی وەرگرتنی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لەلایەن بەرهەم ساڵح ڕایگەیاند، بەبۆنەی وهرگرتنى پۆستى کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)ـهوه، له دڵهوه گەرمترین پیرۆزبایی له براى ئازيزم دکتۆر بهرههم ساڵح دەکەم، هیوای سەرکەوتنی لەم ئەرکە جيهانى و مرۆییيهدا بۆ دەخوازم.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەرگرتنی پۆستێکی باڵای نێودەوڵەتی، لەم ئاستەدا، نیشانەی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە توانا و ئەزموون و پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی بەڕێزيان، مایەی شانازییە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق کە بهڕێزيان سەرپەرشتیی یەکێک لە گرنگترین دۆسیە مرۆیییەکانی جیهان دەکات.
هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاندووە، ، دڵنیام بەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی هەيانە، دەتوانن ڕۆڵێکی كارا و كاريگهر ببینن لە کەمکردنەوەی ئازاری پەنابەران و چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەسەر ئاستی جیهان. ئێمە لە کوردستان باشتر لە هەمووان درک بە ئازاری ئاوارەیی و گرنگیی ئەو ئەرکە دەکەین.
لە کۆتاییدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە پشتیوانی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمسیاری نوێی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران کردووەتەوە.
