هێزەکانی ئەمەریکا دوو بەلەمی قاچاخچیانی ماددەی هۆشبەریان بە ئامانج گرت
فەرماندەیی باشووری سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند: لە ئەنجامی هێرشێکی نوێ بۆ سەر دوو بەلەمی گومانلێکراو لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی زەریای هێمن، 5 کەس کوژراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە بەلەمی یەکەمدا 3 کەس و لە بەلەمی دووەمیشدا 2 کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە، کە سوپا گومانی ئەوەی لێ کردوون خەریکی قاچاخچێتی ماددەی هۆشبەر بووبن.
بەژمارەی ئەم کوژراوە نوێیانە، کۆی گشتیی قوربانیانی ئەو زنجیرە ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کە لە مانگی 9ـی ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە، گەیشتە 104 کەس.
ئەم هێرشانە بە شێوەیەکی چڕ لە ناوچەکانی دەریای کارایبی و ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن ئەنجام دەدرێن، بەڵام تا ئێستا واشنتن هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەی بۆ سەلماندنی تێوەگلانی ئەو بەلەمانە لە کاری نایاساییدا بڵاو نەکردووەتەوە، ئەمەش گومانی زۆری لای چاودێران لەسەر شەرعیەتی یاسایی ئەم کردەوە سەربازییانە دروست کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ناوخۆی ئەمەریکا بەهۆی ئەم بابەتەوە ڕووبەڕووی ململانێی سیاسی بووەتەوە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو دوو پرۆژە بڕیاری دیموکراتەکانی ڕەت کردەوە، کە داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان و هەر جۆرە کارێکی دوژمنکارییان دەکرد دژی ڤەنزوێلا یان لە نزیک سنوورەکانی، مەگەر دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی و مۆڵەتی فەرمی لە کۆنگرێس نەبێت.
ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی ئەمەریکا لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراواندایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی نێودەوڵەتی ماددەی هۆشبەر دەستی پێکردووە، بەکارهێنانی هێزی سەربازی سوپا لەم بوارەدا بووەتە جێگەی مشتومڕ، چونکە بەشێک لە بەرپرسان و شیکەرەوە سیاسییەکان پێیان وایە، ئەم جموجۆڵە دەریاییانە تەنیا بۆ ڕاوەدوونانی قاچاخچێتی نین، بەڵکو ڕەنگە ئامادەکارییەکی پێشوەختە بن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی بۆ سەر وڵاتی ڤەنزوێلا، ئەم نیگەرانییانە وای کردووە کۆنگرێس بکەوێتە ناو ململانێیەکی توند لەسەر ئەوەی کە ئایا دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی یاسادانان، سوپا لە کارێکی وەها مەترسیداردا بەکار بهێنێت یان نا.
