وەزارەتی ناوخۆ ڕێنماییە نوێیەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بۆ ساڵی 2026 ڕادەگەیەنێت
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی هاتوچۆ و پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیان، کۆمەڵێک ڕێنمایی نوێ و وردی بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و ئامێرەکان بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، کە لە ساڵی 2026ـەوە کارپێکردنیان دەستپێدەکات.
بەپێی بڕیارە نوێیەکان، مەرجی سەرەکی بۆ هاوردەکردنی هەر جۆرە ئۆتۆمبێلێک، بوونی بڕوانامەی دڵنیایی جۆری (COC) و پابەندبوونە بە بەرزترین ستانداردەکانی سەلامەتی، لەم ڕێنماییانەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان سیستمی ڕێگری لە خلیسکانیان (ABS) هەبێت و کاتژمێری کارکردنیان دەستکاری نەکرابێت، هەروەها، پێویستە ئۆتۆمبێلەکان خاوەن کیسەی هەوا (Airbag) بن بۆ شۆفێر و سەرنشین، بە شێوەیەک کە بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک نابێت لە 2 کیسە کەمتر بێت.
لە ڕووی ژینگەییەوە، وەزارەتی ناوخۆ مەرجی داناوە کە دەبێت ئۆتۆمبێلەکان سیستمی (Catalytic Converter)یان هەبێت بۆ کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان، سەبارەت بە تەمەنی ئۆتۆمبێلەکان، ڕێنماییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان دەبێت مۆدێلی 2025 بن یان تەنها 2 ساڵ کۆنتر بن لە مۆدێلی ساڵ، لە کاتێکدا بۆ ئامێرە کشتوکاڵییەکان و ئامێرەکانی بیناسازی، تەمەنی ڕێپێدراو لە نێوان 10 بۆ 15 ساڵ دیاری کراوە.
وەزارەتەکە هۆشداری توندی داوە سەبارەت بەو ئۆتۆمبێلانەی کە زیانی گەورەیان پێگەیشتووە و بە (Salvage) ناسراون. هاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە ژێرئاو کەوتوون، سووتاون، یان زیان بەر شەسی و بزوێنەریان کەوتووە، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، تەنها ئەو ئۆتۆمبێلانە ڕێگەیان پێدەدرێت کە زیانی سووکیان هەیە و کاریگەری لەسەر توندوتۆڵی و سەلامەتی گشتی شۆفێر دروست ناکەن.
لە بەشێکی دیکەی ڕێنماییەکاندا، باس لە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان و هایبریدەکان (FCEV) کراوە، کە پێویستە هەمان مەرجی سەلامەتی و وردبینی تەکنیکییان تێدا بێت، هەروەها ڕێگری دەکرێت لە هاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بۆ مەبەستی تاقیگە یان کارگەی چاککردنەوە دروستکراون و ناونیشانی (For Junk)یان لەسەرە.
ئەم بڕیارانە لە ڕێکەوتی 1ی 1ی 2026ـەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان پێیانەوە پابەند دەبن، وەزارەتی ناوخۆ ئامانجییەتی لە ڕێگەی ئەم هەنگاوانەوە، کوالێتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەچنە ناو بازاڕەکانی هەرێم بەرز بکاتەوە و ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەم بکاتەوە.
