یۆنان یەکێک لە گەورەترین گرووپی کۆچبەرانی لە دەریا ڕزگار کرد
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ڕزگارکردنی نزیکەی 540 کۆچبەری لەناو یەک بەلەمدا لە نزیک دوورگەی "گاڤدۆس" ڕاگەیاند، کە زۆربەیان پیاون و خەڵکی وڵاتانی بەنگلادیش، میسر، پاکستان، ئەریتیریا، سۆماڵ، سوودان و ناوچە فەلەستینییەکانن.
هەینی 19ی کانوونی یەکەمی 2025، بەپێی ڕاگەیەندراوی پاسەوانی کەناراوەکان، توانراوە 539 کۆچبەر لەناو بەلەمێکی ڕاوەماسی گەورەدا لە نزیک دوورگەی گاڤدۆس" ڕزگار بکرێن، کە ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین گرووپەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا گەیشتبێتە ئەو وڵاتە.
ئاماژەشی داوە، کۆچبەرەکان لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینیدا، لە دووری 16 میلی دەریایی لە باشووری دوورگەی گاڤدۆس دۆزراونەتەوە. بەرپرسێکی پاسەوانی کەناراوەکان بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، کۆچبەرەکان هەموویان تەندروستییان باشە و گواستراونەتەوە بۆ بنکەیەکی کاتی لە دوورگەی کریت بە مەبەستی پشکنینی تەندروستی و ئەنجامدانی ڕێکارەکانی پەنابەری.
سەبارەت بە ناسنامەی کۆچبەرەکان، ئاشکرا کراوە کە زۆربەیان پیاون و خەڵکی وڵاتانی بەنگلادیش، میسر، پاکستان، ئەریتیریا، سۆماڵ، سوودان و ناوچە فەلەستینییەکانن.
ئەم هەڵمەتە لە کاتێکدایە کە هەر دوێنێ پێنجشەممە، ئاژانسی فرۆنتێکسی سەر بە یەکێتی ئەوروپا 70 کۆچبەری دیکەی لە دوو بەلەمی جیاوازدا لە هەمان ناوچە ڕزگار کردووە.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، دوورگەکانی کریت و گاڤدۆس کە نزیکترین ناوچەی یۆنانن لە کەناراوەکانی ئەفریقا، بوونەتە شوێنی سەرەکی گەیشتنی بەلەمە کۆچبەرەکان کە زۆربەیان لە لیبیاوە بە ڕێ دەکەون. حکوومەتی یۆنان بە سەرۆکایەتی کیریاکۆس میتسۆتاکیس ڕایگەیاندووە، کە دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی داوای پەنابەرییان ڕەت دەکرێتەوە، یەکێک دەبێت لە کارە لە پێشینەکانیان.
