ئەنتۆنیۆ تاجانی: ئێستا نزیکەی 500 سەربازی ئیتاڵیا لە عێراق جێگیر کراون
ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، جەختی لە پتەوی پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆما و بەغدا کردەوە و ڕایگەیاند؛ وڵاتەکەی وەک هاوبەشێکی ستراتیژی دەڕوانێتە عێراق.
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئاشکرای کرد، ئێستا نزیکەی 500 سەربازی ئیتاڵی لە عێراق جێگر کراون، ئەم هێزانە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەودەوڵەتی دژی داعش و نێردەی ناتۆ کاردەکەن و ئەرکی سەرەکییان بریتییە لە مەشق و ڕاهێنان پێکردن بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو وەزیر بە وردی باسیان لە قەیرانەکانی غەززە، سووریا و لوبنان کرد. تاجانی جەختی لە گرنگی سەقامگیری لوبنان و پاراستنی هێزەکانی "یونیفیل" کردەوە. هاوکات، ئیتاڵیا داوای دەستپێکردنەوەی وتووێژە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکای کرد وەک هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.
سەبارەت بە ناوخۆی عێراق تاجانی پیرۆزبایی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی مانگی تشرینی دووەمی کرد و ئامادەیی ئیتاڵیایی نیشنادا بۆ هاوکاریی لەگەڵ حکوومەتی نوێی وڵاتەکە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کۆتاییهاتنی ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی) نیشانەیەکە بۆ پێشکەوتنی عێراق لە بواری سەقامگیریدا. لەم چوارچێوەیەدا، ڕایگەیاند؛ وڵاتەکەی پێداچوونەوەی بە ڕێنماییەکانی گەشتکردن بۆ عێراق کردووە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ باشتربوونی دۆخی ئەمنیی.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە پەرەپێدانی کەرتی ئابووریی کرا. تاجانی ئاماژەی بەوە کرد، کۆمپانیا ئیتاڵییەکان لە کەرتەکانی وزە، ژێرخان و تەندروستیی عێراقدا زۆر چالاکن. ناوبراو گرنگییەکی تایبەتی دا بە بەشداری ئیتاڵیا لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک: پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی عێراق و ڕێڕەوی ئابووری هیندستان-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەوروپا (IMEC).
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا دووپاتی کردەوە؛ ئەم پڕۆژانە دەرفەتی گەورە بۆ گەشەپێدانی ئابووریی ناوچەکە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەوروپا دەڕەخسێنن.
دوێنێ هەینی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا و لەگەڵ ئەنتۆنی تاجانی بۆ چەند پرسێکی تایبەت کۆبۆوەوە.
