سەرۆکی هوداپار: بە فەرمیکردنی زمانی کوردی بە مانای لاوازی تورکیا نایەت
سەرۆکی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) لە تورکیا، بەفەرمی ناساندنی زمانی کوردی بە هۆکاری لاوازبوونی دەوڵەت نازانێت. هاوکات گوتەبێژی پلاتفۆرمی زمانی کوردی، لە دۆخی زمانی کوردی نیگەرانە و دەڵێت ئاستەنگی گەورەی لەبەردەمدایە.
زەکەریا یاپجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار، بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، فەرمیکردنی زمانی کوردی لە تورکیا نابێتە هۆی لاوازکردنی دەوڵەت.
یاپجیئۆغڵو گوتیشی، بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی لە وڵاتەکەی، ڕاپۆرتێکی تایبەت پێشکەش بە پەرلەمان دەکەن. ئەو دووپاتی کردەوە، کێشەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و کێشەی کورد دوو بابەتی جیاوازن و پێویستە لێک جودا بکرێنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، شەرەفخان جزیری، گوتەبێژی پلاتفۆرمی زمانی کوردی، بە کوردستان 24ـی گوت، لە تورکیا ئاستەنگی گەورە لەبەردەم زمانی کوردیدا هەن و هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردن نانرێت.
جزیری نموونەی باشووری کوردستانی هێنایەوە و گوتی، لەوێ زمانی کوردی لە هەموو بوارەکاندا بەکاردێت و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی دروست نەکردووە، بەڵام لە تورکیا ترس لە زمانی کوردی بوونی هەیە.
لێدوانەکانی سەرۆکی هوداپار لە کاتێکدایە پارتەکەی چەندان جار داوای فەرمیکردنی زمانی کوردی کردووە. لە شوباتی 2025، سەرکان رامانلی، پەرلەمانتاری هوداپار، هۆشداری دا ئەگەر زمانی کوردی نەکرێتە زمانی فەرمی، ئەوا بەرەو لەناوچوون دەچێت. هەروەها پارتەکە بەردەوام چالاکی و ڕێپێوان بۆ هاندانی خەڵک ڕێکدەخات تاوەکوو منداڵەکانیان لە قوتابخانەکان وانەی بژاردەی کوردی بخوێنن.
بابەتی زمانی کوردی یەکێکە لە پرسە هەستیارەکانی تورکیا. بەپێی ماددەی سێیەمی دەستووری ساڵی 1982، زمانی تورکی تاکە زمانی فەرمیی وڵاتە و گۆڕینی ئەم ماددەیە قەدەغەیە. هەرچەندە لە ساڵی 2012ـەوە زمانی کوردی وەک وانەیەکی بژاردە لە پۆلەکانی 5 تا 8 دەخوێندرێت، بەڵام چالاکوانان و پسپۆڕان ئەم هەنگاوە بە کافی نازانن و پێیانوایە زمانی کوردی هێشتا لەژێر مەترسیدایە.
پلاتفۆرمی زمانی کوردی، بریتییە لە هاوپەیمانییەکی چەندان حیزبی سیاسی و کەسایەتیی ڕۆشنبیری باکووری کوردستان، ئامانجی سەرەکییان فەرمیکردنی زمانی کوردییە لە دەستووردا.
هاوکات، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دوای چەندان ساڵ لە وەستان، لەم دواییانەدا جووڵەی تێکەوتووەتەوە. دوای بانگەوازێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە شوباتی 2025، پەکەکە لە مانگی تەممووزدا گرووپێکی 30 کەسیی چەکدارەکانی چەک دانان. لەسەر بنەمای ئەم پێشهاتانە، لە مانگی ئابی 2025 لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بەناوی "لیژنەی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" پێکهێنرا بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە. چاوەڕوان دەکرێت ئەم لیژنەیە و هەوڵەکانی لایەنەکان، گۆڕانکاریی یاسایی و دەستووری بەدوای خۆیدا بهێنێت، بابەتی زمانی کوردیش یەکێکە لە خاڵە بنەڕەتییەکانی چارەسەری.
