نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکارییەکانی سەدان خێزانی پەنابەری بڕیوە
پەنابەرانی کەمپی دارەشەکران گلەیی لە بڕینی هاوکارییەکان لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەران دەکەن و دەشڵێن، دۆخی گوزەرانمان سەختە و لە بڕینی هاوکارییەکانیش ستەممان لێکراوە.
ساڵ و نیوێکە سەرپەرشتیاری ئەم ماڵە بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە، بەرپرسیارێتی پێنج منداڵ لە ئەستۆی دایکەکەیان ماوەتەوە، بەو بڕە هاوکارییەی کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشی دەکردن، مزگین خۆی و منداڵەکانی پێ بەخێو دەکرد، بەڵام بڕینی ئەم هاوکارییانە بارێکی یەکجار قورسی خستووەتە سەر شانەکانی.
مزگین محەممەد، پەنابەر بە کوردستان24 ڕاگەیاند، شەش حەوت مانگە هاوکارییەکانیان بڕیوە، بە ڕاستی زۆر ستەمیان لە خەڵک کرد، واتە تەنیا من نا، زۆر خێزانی وەک من لە کەمپەکەدا هەن، پێویستیان بەم کۆمەکانەیە. بە ڕاستی ئەم خۆراک و کۆمەکانە پاڵپشتییەکی زۆر گرنگن.
شوێنەوارەکانی جەنگی سووریا هێشتا لە جەستە و دەروونی ئەم خێزانەدا ماونەتەوە. عەبدۆی حەوت ساڵان، بیری نایەتەوە کەی خاوەنی هەردوو قاچەکانی بووە. کاتێک هاوەنێک بەر ماڵەکەیان کەوت لە کۆبانێ تەمەنی چوار ساڵ بوو، براکەشی کە لەو بچووکترە چوار ڕۆژە بوو. بە گوتەی باوکی، تا ئێستاش کاتێک فڕۆکەی مەدەنی بەسەر کەمپەکەدا تێدەپەڕن، منداڵەکانی خۆیان دەشارنەوە.
موستەفا حەنیف، پەنابەر دەڵێت، با هاوکاری هەبێت، چارەسەر هەبێت، خەرجی ئەم منداڵانە زۆر گرانە، ئێستا کارم نەماوە بەوهۆیەوە دوو هەزار دۆلار قەرزارم، پێش ئەوەش هیچمان لە دەستدا نەبوو بۆ پارەی دەرمانیش هەر قەرزم کردووە.
چیرۆکی خێزانەکان لە ناو ئەم کەمپەدا دووبارە دەبنەوە، ئازار یەکە، بەڵام پێداویستییەکان زۆر زیاترن لەوەی کە پێشکەش دەکرێن، لەگەڵ بڕیاری بڕینی هاوکارییەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان، دۆخەکە بە تەواوی پێچەوانەی مەبەستی هەبوونی ئەم ڕۆژەیە.
لە ناو ئەم کەمپەدا بە سەدان خێزان لەسەر هاوکارییەکان دەژین. ڕۆژی هاوسۆزیی مرۆیی تێدەپەڕێت تا وەبیر خەڵکی بهێنێتەوە، کە هاوسۆزی تەنیا یادکردنەوەیەکی ساڵانە نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی بەردەوامە. لەم کەمپەدا هەر هاوکارییەک کە پێشکەش دەکرێت واتای ژیانێکی ئارامترە، و هەر پشتگوێخستنێکیش خەمێکی درێژترە.
