ناتانیاهۆ پلانی هەیە ترەمپ قایل بکات هێرش بکەنەوە سەر ئێران
بەرپرسانی ئیسرائیل نیگەرانیی قووڵی خۆیان نیشان دەدەن لەوەی ئێران خەریکی فراوانکردنی بەرنامە مووشەکییەکەیەتی و هەوڵی چاککردنەوەی سیستەمە بەرگرییەکانی دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش خۆیان ئامادە دەکەن بژاردەی هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە بخەنە بەردەم دۆناڵد ترەمپ.
شەممە 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، تۆڕی هەواڵی ئەی بی سی نیووزی ئەمەریکی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەی ئاشکرای کردووە؛ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەوڵی قایلکردنی سەرۆکی ئەمەریکا دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی هێرش هاوبەش بۆ سەر ئێران.
بەگوێرەی ئەی بی سی نیووز، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی تاران خەریکی بنیاتنانەوەی ئەو بنکە ئەتۆمییانەیە کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو لەلایەن ئەمریکاوە بۆردوومان کران، بەڵام لە ئێستادا ترسی سەرەکیی تەلئەڤیڤ بریتییە لە هەوڵەکانی ئێران بۆ چاککردنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و زیادکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکە بالیستییەکان.
بڕیارە لە 29ـی ئەم مانگە، ناتانیاهۆ، لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکدا لە فلۆریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کۆببێتەوە. ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە ترەمپ تێبگەیەنێت کە فراوانبوونی بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران پێویستی بە وەڵامی خێرا هەیە.
بەپێی زانیارییەکان، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە نیازە چەند بژاردەیەک بخاتە بەردەم سەرۆکی ئەمەریکا، کە خۆی دەبینێتەوە لە بەشداریکردنی ئەمەریکا لە هێرشێکی نوێدا یان پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو لە هێرشەکانی پێشوودا توانای ئەتۆمیی ئێرانیان بە تەواوی لەناوبردووە، بەڵام زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر ڕێگری لە ئێران نەکرێت، توانای بەرهەمهێنانی مووشەکە بالیستییەکانی دەگاتە 3000 مووشەک لە مانگێکدا، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.
