عێراقچی: ترەمپ دەستپێشخەرییەکەی پزیشکیانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لەباربرد
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی تێگەیشتنی هەڵە لە تواناکانی ئێران، دەستپێشخەریی سەرۆککۆماری ئێرانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان شکست پێ هێنا.
شەممە، 7ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی:"کرانەوەی سەرۆک پزیشکیان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەماندا، بەو مەرجەی ئاسمانی دراوسێکانمان و خاک و ئاوەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر گەلی ئێران بەکارنەهێنرێت، نزیک بوو لە سەرکەوتن، بەڵام بەهۆی تێگەیشتنی هەڵەی ترەمپ لە تواناکانمان و ئیرادە و نییەتەکانمان، دەستبەجێ لەباربرا".
عێراقچی دەڵێت: "ئەگەر ترەمپ بە دوای هەڵکشانی گرژییەکاندا دەگەڕێت، ئەوا ئەمە رێک ئەو شتەیە کە هێزە چەکدارە بەهێزەکانمان لەمێژە خۆیان بۆ ئامادە کردووە و ئەوەش بە دەست دەهێنێت. ئیدارەی ئەمریکا بە تەنیا بەرپرسیارێتی هەر چڕبوونەوەیەکی بەکارهێنانی مافی بەرگری لەخۆ لەلایەن ئێرانەوە لە ئەستۆ دەگرێت".
وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی زیانەکانەوە ئاشکرای کرد: "سەرکێشییە شکستخواردووەکەی ترەمپ کە هەفتەیەکی خایاند، تا ئێستا زیانی 100 ملیار دۆلاری لە سوپای ئەمەریکا داوە، سەرەڕای لەدەستدانی گیانی سەربازە گەنجەکان. کاتێکیش بازاڕەکان دەرگاکانیان دەکەنەوە، ئەو تێچووە گەورەتر دەبێت و راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ سەر هاووڵاتیی ئاسایی ئەمەریکی لە وێستگەکانی سووتەمەنیدا".
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، ئێران هەمیشە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە دەکاتە ئامانج.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.