مەزڵووم عەبدی: ساڵی نوێ مافەکانی کورد و خاکی ڕۆژئاوا لە دەستووردا دەچەسپێنرێن
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، ساڵی 2026 دەبێتە ساڵی یەکگرتوویی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
دوایین لێدوانێکدا مەزڵووم عەبدی میدیا عەرەبییەکانی تەنیوە و دەڵێت "دوژمنانمان بانگەشەی ئەوە دەکەن کۆتایی ئەمساڵ (2025) دەبێتە کۆتایی کورد و هەسەدە و پڕۆژەی ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام ڕاستییەکە تەواو پێچەوانەیە، بەڵکو سەرەتای پڕۆژە گەورەکەمانە."
ئەم لێدوانانەی عەبدی لە کاتێکدایە کە فشارەکانی دیمەشق و ئەنقەرە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاداری ئەمساڵی نێوان حكوومەتی نوێی سووریا و هەسەدە بەردەوامن.
عەبدی دەڵێت "ساڵی 2026 دەبێتە ساڵی یەکگرتوویی کورد و ساڵی کۆنفیدراڵیی نیشتمانیی کورد و یەکگرتوویی نێوان هەر چوار پارچەکە؛ ئێمە هیچ کاتێک هێندەی ئێستا لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجە نزیک نەبووین و لە ساڵی 2026دا، مافەکانی کورد و خاکی ڕۆژئاوا لە دەستووردا دەچەسپێنرێن."
لەلایەکی دیکەوە، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی میدیاکان ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی 10ی ئاداری ئەمساڵ، کە لە نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە واژۆ کراوە، تا ئێستا لە پەیوەندییەکان و کۆتاییهێنان بە گرژی و ئاڵۆزییە چەکدارییەکان هیچ ڕەنگدانەوەیەکی نەبووە و بە کردەیی هەنگاوی بۆ نەنراوە.
گولەر داوای کرد کە هێزەکانی هەسەدە "دوای پاککردنەوەیان لە شانە تیرۆریستییەکان" تێکەڵی سوپای سووریا بکرێن.
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێککەوتنی 10ی ئادار لە چوارچێوەی پرەنسیپی "یەک دەوڵەت و یەک سوپا" ئامادە کراوە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی مێژوویی نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە 10ی ئاداری ئەمساڵدا، هێزەکانی هەردوولا یەکتری بە چەکی قورس و نەبوونی نیازی پاک تۆمەتبار دەکەن.
