عێراق پێویستی بەزیاتر لە 100 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە
ڕوانگەی عێراقی سەوز ڕایگەیاند، عێراق پێویستی بە زیاتر لە 100 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
ڕوانگەی عێراقی سەوز لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕی بارانبارین لە سەرتاسەری عێراق لە ئاستی پێویستدا نەبووە و عێراق پێویستی بە دوو ئەوەندەی بڕی باران هەیە لە ماوەکانی داهاتوودا.
ئاماژەی بەوەشدا، دوای دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، عێراق پێویستیی بە زیاتر لە 100 ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە، چونکە دابەزینی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات بووەتە هۆی دابەزینی کوالێتی ئاو، زیادبوونی ئاستی ئاوی خوێ لە بەسرە، دووپاتیشی کردەوە، وشکەساڵیی کاریگەری لەسەر ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاست و زۆنگاوەکان هەبووە و پلانی کشتوکاڵی زستانەشی بۆ نزمترین ئاست دابەزاندووە.
ڕوانگەکە ڕوونیشیکردەوە، بڕی ئەو بارانەی لەم دواییانەدا باریوە زۆر نییە بەراورد بەو وشکەساڵیەی لە عێراق هەبووە، بەتایبەتی لەمساڵدا، ڕوونیشی کردەوە، هاوینی داهاتوو ڕەنگە قەیرانی ئاو خراپتر بێت تا ئەو ڕادەیەی کاریگەریی لەسەر ئاوی خواردنەوەش دەبێت.
هەروەها شارەزایانی ژینگە و ئاو پێشبینی دەکەن، ئەگەر حکوومەتی عێراق نەگاتە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەمەبەستی دابینکردنی ئاو، قەیرانی بێ ئاوی لە هاوینی داهاتوودا زۆر سەختتر دەبێت لە ساڵانی ڕابردوو، بە تایبەت کە ئاستی ئاوی ڕووبارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ماسیگر و جوتیاران زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
