جووتیارانی ڕۆژئاوای کوردستان داوای پاڵپشتی لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکەن

 سەرەڕای دەستپێکێکی باشی وەرزی چاندن بەهۆی بارانی زۆرەوە، جووتیارانی ڕۆژئاوای کوردستان جەخت دەکەنەوە، بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی زیانە گەورەکانی ساڵی پار، پێویستییان بە سووتەمەنی (مازۆت) و پەینی کیمیایی (سەماد) هەیە.

جووتیارانی ناوچەکە ترسی ئەوەیان هەیە سیناریۆی ساڵی ڕابردوو دووبارە ببێتەوە. ساڵی پار بەهۆی کەمیی پشتگیری و وشکەساڵییەوە تووشی زیانێکی گەورە بووبوون. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وەک پێویست پشتگیریی جووتیاران ناکات بۆ دابینکردنی سووتەمەنی و پەین، ئەمەش نیگەرانییەکانی قووڵتر کردووەتەوە.

یەحیا عەبدوڵڵا، جووتیارێکی ناوچەکەیە و گوتی: "ئەمساڵ باران باش باریوە و گەنمەکەمان شین بووە، بەڵام پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یارمەتیمان بدات لە دابینکردنی سووتەمەنی و پەین". ناوبراو هۆشداری دەدات، ئەگەر پشتگیری نەکرێن و بارانبارین کەم ببێتەوە، ئەوا ناچار دەبن زەوییەکانیان بفرۆشن و کۆچ بکەن.

پسپۆڕ و ئەندازیارانی کشتوکاڵ هەمان بۆچوونیان هەیە. ئەندازیار هەڤاڵ مەنجی ئاماژە بە قورسیی کێشەکە دەکات و دەڵێت: "پەین نرخێکی زۆر گران و دەستکەوتنیشی کەمە. پێویستە پشتگیرییەکی جیددی بۆ دابینکردنی پەین هەبێت".

مەنجی هەروەها جەخت لەسەر گرنگیی دیاریکردنی نرخی کڕینی گەنم دەکاتەوە و ڕەخنە لە سیاسەتی ساڵی پار دەگرێت: "پارساڵ ژمارەیەکی زۆری جووتیاران بەهۆی هەرزانی نرخی کڕینەوە زیانیان بەرکەوت. دەبێت ئەمساڵ نرخ بە وردی دیاری بکرێت و نرخێکی دادپەروەرانە دابنرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان".

بە بڕوای شارەزایان، نەبوونی پشتگیریی پێویست لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، جووتیاران ناچار دەکات پەینی کوالێتی نزم یان جۆری نەگونجاو بۆ زەوییەکانیان بەکاربهێنن. ئەم دۆخە تەنیا کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرهەمەکان نییە، بەڵکوو ئاسایشی خۆراک لە هەموو سووریادا دەخاتە مەترسییەوە. جووتیاران هیوادارن دەنگیان بگاتە دەسەڵاتداران و پێش کۆتاییهاتنی وەرز، هەنگاوی کرداری بۆ یارمەتیدانیان بنرێت.

کەرتی کشتوکاڵ لە ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووبەڕووی چەندان ئاستەنگیی گەورە بووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتە نوێیەکان، بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو هەزاران هێندە زیادی کردووە، تێچووی بەرهەمهێنانی زۆر بەرز کردووەتەوە. ئەمەش وایکردووە قازانجی جووتیاران بە شێوەیەکی بەرچاو کەم ببێتەوە، بەتایبەت لەگەڵ دابەزینی بەهای لیرەی سووری.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل