نەمسا.. پێنج کەس بەهۆی زریانێکی بەهێزی بەفرەوە گیانیان لەدەستدا

بەرپرسانی نەمسا رایانگەیاند، زریانێکی بەهێزی بەفر وڵاتەکەیانی گرتووەتەوە و بەو هۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە، هاوکات بووەتە هۆی بڕانی کارەبا و پەککەوتنی تەواوی جوڵەی گواستنەوە لە چەندین ناوچەی جیاواز.

بەگوێرەی راگەیەندراوی پۆلیسی ئەو وڵاتە، پیاوێکی تەمەن 53 ساڵ لە شاری لینس گیانی لەدەستداوە، هاوکات چوار یاریزانی خلیسکێنەی سەر بەفر لە ناوچەی تیرۆل بەهۆی هەرەسی بەفرەوە گیانیان سپاردووە. بەمەش ژمارەی قوربانیانی هەرەسی بەفر لەم زستانەدا لە نەمسا گەیشتە 21 کەس و دەسەڵاتدارانیش هۆشداری دەدەن کە مەترسیی هەرەس بۆ چەند رۆژی داهاتووش بە بەرزی دەمێنێتەوە.

لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە، لە ناوچە شاخاوییەکانی ئالپ نزیکەی 40 سانتیمەتر بەفر باریوە، ئەمەش وایکردووە هۆشداریی توند بە ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی نەمسا، بەتایبەت دەوروبەری شاری گراتس بدرێت. هەر بەهۆی ئەم شەپۆلە، گەشتە ئاسمانییەکان لە ڤیەننای پایتەخت بۆ ماوەیەک راگیران، هەروەها رێگای بازنەیی دەرەکی پایتەخت بۆ چەندین کاتژمێر داخرا و بەشێک لە رێگا خێراکان بەهۆی کەڵەکەبوونی بەفر و پەککەوتنی بارهەڵگرەکانەوە هاتوچۆیان تێدا راگیرا.

لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیاکانی کارەبا ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە زۆرێک لە ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی وڵات کارەبا بڕاوە، تەنیا لە ناوچەی ستیریا 30 هەزار ماڵ بێ کارەبا بوون.

شەپۆلی زریانەکە وڵاتی سلۆڤێنیای دراوسێشی گرتووەتەوە و میدیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە کە بەهۆی بەفربارینەوە کارەبای 40 هەزار ماڵ بڕاوە و لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا ئاستەنگی گەورە بۆ ژیانی ئاسایی هاووڵاتییان دروست بووە.