دوو پەیامی نهێنی هاوکێشەی سیاسیی عێراقیان ئاوەژوو کردەوە

محەممەد شیاع سوودانی لە نێوان فالح فەیاز سەرۆک حەشدی شەعبی و ئەبو فەدەک، سەرۆک ئەرکانی حەشد. وێنە: شەرقولئەسەت
محەممەد شیاع سوودانی لە نێوان فالح فەیاز سەرۆک حەشدی شەعبی و ئەبو فەدەک، سەرۆک ئەرکانی حەشد. وێنە: شەرقولئەسەت

لە دوو هەفتەی ڕابردوودا حکوومەتی عێراق و لایەنە سیاسییە چالاکەکان، دوو پەیامی هۆشدارکردنەوەی نائاساییان لە وڵاتێکی ڕۆژئاوایی و دەزگەیەکی هەواڵگریی عەرەبییەوە پێگەیشتووە، کە زانیاریی جددییان تێدا بووە دەربارەی نزیکبوونەوەی لێدانی زەبرێکی سەربازیی فراوان لە عێراق.  

یەکشەممە، 21 کانونی یەکەم، 2025، ڕۆژنامەی 'شەرقولئەوسەت' لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی "بەرپرسێکی عێراقی جەختی لەوە کردووتەوە، وڵاتێکی دۆست، بەغدای لەو هەڕەشەیە ئاگەدار کردووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی گرووپە چەکدارە شیعەکان، یەک لە دوای یەک، داوای گەڕاندنەوەی چەک بۆ دەوڵەت بکەن بەو مەرجەی کات و ئازادی هەڵسوکەوتیان بۆ دابین بکرێت تاوەکوو وەک خۆیان دەڵێن: ئەو ئەرکە نیشتمانییە، لە هەڵوەشاندنەوەی توانا سەربازییەکانیان جێبەجێ بکەن."

بەرپرسە عێراقییەکە، ڕاشیگەیاندووە "بە گوێرەی ئەو دوو پەیامە، پلانی زەبرە سەربازییەکان بۆ سەر دامەزراوە حکوومەتییەکانی پەیوەست بە حەشدی شەعبی، کەسایەتییە کاریگەر سەربازی و داراییەکان، کۆگەکانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سەربازگە و ناوەندەکانی ڕاهێنانی ئەو گرووپانە، داڕێژراوە."

زەبرێکی کاریگەر 

بە گوێرەی سەرچاوەکان، لەو دوو پەیامەدا، ئاماژە بەوە کراوە، ئیسرئیلییەکان ئێستا باسی ئەوە دەکەن 'چرای سەوز'یان لە لایەن ئەمەریکییەکانەوە بۆ هەڵکراوە، تا وەکوو هێرشێکی کوت و پڕ و کاریگەر بۆ سەر ئامانجە دەستنیشانکراوەکان بکەن. پەیامەکان، بە  ئاشکرا بە حکوومەتی عێراقیان ڕاگەیاندووە لەوەی ئاستی هەڕەشەکە جددییە، بەڵام وا دیارە هێشتا عێراقییەکان لە مەترسیی دۆخەکە نەگەیشتوون. ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەیی و بێزاری ئەمەریکییەکان.

زانیاریی زۆر و گرنگ
بەرپرسانی عێراقی، جگە لەو دوو پەیامە، دۆسییەکەی گەورەیان لە دەزگەیەکی هەواڵگریی وڵاتێکی عەرەبییەوە پێگەیشتوە کە زانیاریی زۆر و گرنگی سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکانی عێراقی تێدا بووە. دۆسییەکە لە لایەن ئیسرائیلەوە زۆر بە وردی ئامادە کراوە، بە جۆرێک بووتە مایەی سەرسووڕمانی عێراقییەکان. 

ڕاپۆرتەکەی 'شەرقولئەوسەت' لە درێژەدا دەڵێت: ئەو زانییاریانە و هەڕەشەی ئەگەری زەبرێکی سەربازیی کاریگەر، تەقینەوەی ئامێرەکانی (پەیجەر)ی لە لوبنان وە بیر سەرکردە شیعە عێراقییەکان هێناوەتەوە.  

ئێستا چ بکەین؟

سەرکردەیەکی شیعە لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەبێ ئەوەی  ناوی خۆی ئاشکرا بکات، بە ڕۆژنامەکەی گوتووە "ئەم دوو پەیامە، هاوکێشە سیاسیی و سەربازییەکانی لە عێراقدا ئاوەژوو کردووەتەوە و سەرکردەی حزبە شیعەکانی هان داوە پەلە لە هەنگاونان بۆ چارەکردنی کێشەی چەکی گرووپە چەکدارەکانیان بکەن. ئێستا زۆریک لەو سەرکردانە هەوڵی وەڵامدانەوەی پرسیاری 'چی بکەین' دەدەن. بەڵام ئەوان ناکۆکییان لەر کات و شێوەی ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت  و دۆزینەوەی لایەنێکی متمانە پێکراو هەیە بۆ سەرپەرشتیی پرۆسەکە." 

ئەو سەرکردە شیعەیە، لە درێژەی قسەکانیدا، گوتوویەتی "قۆناغی یەکەم ڕادەستکردنی مووشەکە بالیستی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی گرووپە چەکدارەکان و هەڵوەشاندنەوە و ڕادەستکردنی سەربازگەکانی ڕاهێنانە لە باکوور و باشووری بەغدا، بە حکوومەت. پاشان قۆناغی دووەم دەست پێ دەکات کە لادانی پەرپرسانی ئەو گرووپانەیە لە دەستەی حەشدی شەعبی، بۆ ئەمەش چاوەڕێی بڕیاری ئەمەریکییەکان دەکەین"

بە قسەی بەرپرسێک لە هاوپەیمانیی 'دەوڵەتی یاسا' پێشتر ڕێککەوتنێک بۆ لێسەندنەوەی چەکە قورسەکان لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشد، لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی وئەمەریکییەکاندا، کراوە.

عەقید ستیڤانا باگلی و عەبدولئەمیر یاروڵڵا، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق

فشاری ئەمەریکییەکان

گەیشتنی عەقید ستیڤانا باگلی، بەڕێوەبەری نوێی نووسینگەی هاوکاریی ئەمنیی ئەمەریکی بۆ عێراق، هاوکاتە لەگەڵ گەیاندنی ئەو دوو پەیامە هەڕەشە ئامێزە. ئەمەش بێگومان، ئاماژەیە بۆ زیادبوونی فشاری ئەمەریکییەکان بۆ ئەوەی مەسەلەی چەکی گرووپە چەکدارەکان بە زووترین یەکلایی بکرێتەوە.

پێشتر، لە 11ـی ئەم مانگەدا، کۆنگرێسی ئەمەریکی بە گوێرەی یاسایەک، هاوکاریی دارایی ئەمنیی لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا مەرجدار کرد بەوەی "عێراق گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران هەڵبووەشێنێتەوە و لەگەڵ هێزە چەکدارە فەرمییەکانی وڵاتەکەدا تێکەڵیان بکات."

یاسا ئەمەریکییەکە، مەرجی ئەوەشی بەسەر عێراقدا سەپاندووە "سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبێت وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەسەڵاتی تەواوی هەبێت و هەروا لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانە بکرێت کە کردەی نایاسایی دەکەن و دەبنە هۆی ناسەقامگیریی وڵات و تێکدانی دۆخی ئەمنی."

سەرچاوە دیپلۆماسییە ڕۆژئاواییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، عەقید باگلی، بە شێوەیەکی یەکلا کەرەوە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات، بە گوێرەی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو ئەو هەنگاوانە بەرانبەر گرووپە چەکدارەکان جێبەجێ بکات. 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل